ئەو ژنەی دەڵێت، 'کچی دۆناڵد ترەمپە' قسە بۆ رووداو دەکات: گلەیی لێدەکەم بۆچی هەواڵی نەپرسیوم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خانمێک لە ئەنقەرە دەڵێت، کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە و چیرۆکەکەی بۆ عەلی تەحسین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شارەکە دەگێڕێتەوە.
 
ئەو خانمە ناوی نەجلا ئۆزمەنە و باس لەوە دەکات، دایکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی بووە و چەند دەیەیەک لەمەوبەر پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە.
 
نەجلا دەڵێ، دایکی ئەو کاتە پیاوێکی ناسیوە کە خەڵکی تورکیا بووە و دوای ئەوەی خۆی لەدایکبووە، دایکی منداڵەکەی داوەتە ئەو پیاوە و لەگەڵ هاوژینەکەی بەخێویان کردووە.
 
نەجلا ئۆزمەن بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2017 ئەو ژنەی کە بەخێوکەری بووە، دۆناڵد ترەمپی لە تەلەڤیزیۆن بینیوە، کاتێک وەک سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە.
 
نەجلا ئۆزمەن باس لەوە دەکات، دەیەوێت هەرچۆنێک بێت خۆی بگەیێنێتە لای دۆناڵد ترەمپ و لە رێگەی پشکنینی DNAـەوە بیسەلمێنێت کچی ترەمپە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی عەلی تەحسین لەگەڵ نەجلا ئۆزمەن، ئەو ژنەی دەڵێت کچی دۆناڵد ترەمپە:

رووداو: دەمەوێ بەو جۆرە دەستپێبکەم. چۆن زانیت کچی دۆناڵد ترەمپیت؟
 
نەجلا: لە ساڵی 2017 لە دایکمەوە زانیم کە بەخێوکەرمە. پێموایە ئەو کاتە ترەمپ بە هەڵبژاردن ببووە سەرۆک. کاتێک دایکم ترەمپی لەسەر شاشە بینی، نیشانی دام. پێشتر ئەو کەسەی کە منی دابووە خێزانەکەم، وێنە و زانیارییەکانی ئەو کەسە (ترەمپ)ی پێدابوون. واتە لەبەرئەوەی دایکم بەڕاستی شتەکانی دەزانی، کاتێک ترەمپ لە تەلەڤزیۆن دەرکەوت، پێیگوتم "ئەمەیە"؛ گوتی: "تاوەکو ئێستا پێمان نەگوتوویت بۆ ئەوەی دڵتەنگ نەبیت، چونکە ناتوانیت پێی بگەیت، زۆر دوورە و چوونە ئەوێ ئەستەمە". پێی گوتم "دەمانویست (ترەمپ) ئاگادار بکەینەوە، بەڵام نەمانتوانی." باوکم، واتە ئەو پیاوەی منی بەخێوکردووە، پێشتر وەک سەرباز لە ناتۆ کاری کردووە. لەو سەردەمەدا لەگەڵ دایکی بایۆلۆژیم یەکدییان ناسیوە کە لەو کاتەدا دایکم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی هەبووە و دووگیان بووە. دواتر لەگەڵ باوکم (ئەو پیاوەی بەخێوی کردم) پەیوەندی دروستکردووە. دوای ئەوەی لەدایکبووم، دایکم منی داوەتە خێزانەکەم (ئەو خێزانەی لە تورکیایە). دایکم جاروبار تەلەفۆنی کردووە و هەواڵی پرسیووم. دایکم (ئەو ژنەی لە تورکیا نەجلای بەخێوکردووە) پێیگوتم کە دایکە بایۆلۆژییەکەم نەخۆش کەوتووە و کۆچی دوایی کردووە. بەڵام بە راستی نازانم زیندووە یان مردوو. پێیگوتم بە نەخۆشی مردووە. کاتێک لە ساڵی 2017 پێیانگوتم (کە ترەمپ باوکمە) سەرەتا نەمویست باوەڕبکەم. دواتر زۆر بیرم لێکردەوە، هەوڵێکی زۆرمدا پێی بگەم، چوومە لای میدیاکاران و هەوڵمدا ناخی خۆم دەربڕم، بەڵام کەس باوەڕی پێنەکردم و نەمتوانی دەنگم بگەیەنم. تاوەکو ئێستا زۆر هەوڵمداوە. سوپاس بۆ هاوڕێیەکی رۆژنامەنووس، هەواڵێکی لەسەر کردم. پشتیوان بە خودا، لەم رێگەیەوە دەتوانم پێی بگەم.
 
رووداو: باشە نەجلا خان، حەزدەکەم بزانم، ئایا دایکی بایۆلۆژیی تۆ دوای لەدایکبوونت تۆی داوەتە خێزانێک یان رادەستی دامەزراوەیەکی چاودێریی منداڵانی کردووە؟ چۆن بووە؟
 
نەجلا: خۆی بە دەستی خۆی منی داوەتە خێزانەکە. واتە دوای لەدایکبوون منی هێناوە و رادەستی خێزانەکەی کردووە. ئەوانیش منیان خستووەتە سەر تۆمار، واتە من ئێستا لەسەر تۆماری ئەو خێزانە وەک هاووڵاتییەکی تورک دەردەکەوم.
 
رووداو: ئەم رووداوە لە چ ساڵێکدا روویداوە؟
 
نەجلا: لە ساڵی 1971.
 
رووداو: باشە، دایکت کەی ئەم زانیارییەی پێدایت؟
 
نەجلا: لە ساڵی 2017، کاتێک دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆک هەڵبژێردرا و لە تەلەڤزیۆن دەرکەوت، نیشانی دام و گوتی "ئەو کەسەیە".
 
رووداو: چۆن بۆی باسکردیت؟ دەتوانیت کەمێک روونی بکەیتەوە؟
 
نەجلا: گوتی باوکت زانیاریی زیاتری هەیە. لە رابردوودا دایکی راستەقینەم لە سەردەمی سەربازییدا باوکمی ناسیوە و دواتریش جاروبار تەلەفۆنی کردووە. کاتێک ئەمە روویداوە (کە منی بووە)، بۆی روونکردووەتەوە و باوکیشم قبووڵی کردووە (کە وەرم بگرێ و بەخێوم بکات) و خێزانەکەم گوتوویەتی: "باشە، ئێمە چاودێری دەکەین". دایکی راستەقینەم لەبەرئەوەی متمانەی بە خێزانەکەم هەبووە و باش ناسیویەتی، منی جێهێشتووە. دواتر ئەم خێزانەش قبووڵیان کردووە و خستوومیانەتە سەر تۆماری خۆیان.
 
رووداو: ناوی دایکی بایۆلۆژیت چییە؟ توانیوتە ئەوە بزانیت؟
 
نەجلا: بە سۆفیا دەیناسم.
 
رووداو: باشە، ئایا لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە پشکنینی DNAـت کردووە؟ واتە پشت بە چی دەبەستیت کە شتێکی وا دەڵێیت؟
 
نەجلا: نەخێر، لەو کاتەدا نەمکرد و بە بیریشمدا نەهات. پێموایە مەبەستت پشکنینی دی ئێن ئەیە لەگەڵ ئەو دایکەی کە منی بەخێوکردووە، نەمکرد و بە بیرشمدا نەهات، درۆ ناکەم. گوتم با سەرەتا لێکۆڵینەوە بکەم و بزانم چەندە راستە (کە من کچی ترەمپم). بەڵام هیچ زانیارییەکی پەیوەندیدار بە لەدایکبوونم نییە، واتە بەڵگەنامەی لەدایکبوونم نییە، بەدوایدا گەڕام. لێرە بە وەزارەتی تەندروستیم راگەیاند کە ناتوانم بەڵگەنامەکانی لەدایکبوونم بدۆزمەوە. ئەوانیش نەیانتوانی بیدۆزنەوە. گوتیان ئەمە شتێکی زۆر کۆنە و لە تۆمارەکاندا دەرناکەوێ. تاوەکو ئێستا پشکنینی دی ئێن ئەیم نەکردووە و بیریشم لێنەکردوەتەوە. بەڵام ئێستا کە بەخێوکەرانم کۆچی دواییان کردووە، باوکم لە 2009 و دایکیشم لە سەرەتای 2024، کۆچی دوایی کرد، تاکە چارەسەر ئەوەیە ئەگەر بەڕێز ترەمپ قبووڵی بکات، لە رێگەی پشکنینی DNAـەوە دەتوانێت بزانێت کچی ئەوم یان نا، بەڵام من بەپێی زانیاریی خۆم، دەزانم کە کچی ئەوم.
 
رووداو: کاتێک لە تەلەڤزیۆن سەیری ترەمپ دەکەیت، هەست بە شتێک دەکەیت؟ هەستێکت بەرامبەری هەیە؟
 
نەجلا: وەک باوک، کەسێکی خێزاندۆستم بینیوە. لەبەر ئەرکەکەی وەک سەرۆک، کەسێکی تووند دیارە. رەنگە شێوازی قسەکردنی وا بێت، بەڵام هەست بە نزیکی دەکەم لەگەڵی. زۆر ورد بوومەتەوە، ئایا دەکرێ؟ خۆم بەراورد کردووە لەگەڵ شێوازی قسەکردن و دەربڕینی رووخسار و کەسایەتییەکەی. لێرە لەبارەی ترەمپ دەڵێن: "ئەوەی بیەوێ، بەدەستی دێنێت،" واتە کەسایەتییەکی وای هەیە کە ئەوەی بیخاتە مێشکییەوە، دەیکات. کەسایەتییەکی زۆر تووندی هەیە. منیش کەسایەتییەکی وەهام هەیە کە ئەوەی بکەوێتە مێشکمەوە، دەیکەم. بۆ نموونە، ناتوانم بەرگەی نادادپەروەری بگرم، داوای مافی خۆم دەکەم، ناهێڵم مافم بخورێ، بەڵام زیان بە کەسیش ناگەیەنم.
 
رووداو: نەجلا خان، زۆر حەزدەکەم ئەمەش بزانم. تۆ باسی ساڵانی حەفتاکان دەکەی. ئایا لەو سەردەمەدا دۆناڵد ترەمپ لە تورکیا بووە یان دایکی بایۆلۆژیت چووەتە ئەمریکا یان لە ئەوروپا، لە کوێ یەکدییان بینیوە؟ لە کوێ یەکدییان ناسیوە؟
 
نەجلا: ئەو خانمە، واتە دایکی بایۆلۆژیم، لە ئەمریکا بووە و خۆی هاتووەتە تورکیا. ترەمپ نەهاتووە. دایکم خۆی هاتووە. دەزانم کە ئەمریکی بووە.
 
رووداو: باشە، دایکی بایۆلۆژیت چۆن ئەو خێزانەی ناسیوە کە تۆی وەک منداڵی خۆی وەرگرتووە و تۆی بەخێوکردووە؟ کەی بڕیاری داوە تۆ بداتە ئەوان؟
 
نەجلا: با وا بڵێم، پێشتر لەبەرئەوەی باوکم وەک سەرباز لە ناتۆدا بووە، لەو سەردەمەدا لەگەڵ دایکم یەکدییان ناسیوە. دوای ئەوەی یەکدییان ناسیوە، هاتووچۆ لەنێوانیاندا هەبووە. پێموایە لەو کاتەدا دایکم دووگیان بووە. ئەو جۆرە شتانەیان لەنێوان خۆیاندا باس کردووە (کە من بدەنە ئەم خێزانەی تورکیا) و خێزانەکەش قبووڵیان کردووە. بەڵام دایکم گوتی: "باوکت وردەکاریی تەواو دەزانێت" و گوتی: "ویستمان پێش ئەوەی بمرین پێت بڵێین". منیش بۆ ئەوەی دڵتەنگی نەکەم، درۆ ناکەم، نەمویست ئەم بابەتە ئاشکرا بکەم. دایکم بەتەمەن و نەخۆش بوو، نەخۆشیی دڵی هەبوو، نەیدەتوانی بڕوات. چاودێریی کچەکانی دیکەی نەکرد، دوو منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتیشی هەبوو. یەکێکیان لامە و ئەوی دیکەیان لە تەمەنی 36 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. نەمویست ئەویش دڵتەنگ بکەم. هاوژین و منداڵەکەی لەدەستدابوون. هەرچەندە خاوەن پێداویستیی تایبەتیش بێت، دایکە. ئەوان منیان بەخێوکرد و گەورەیان کردم، وەک منداڵی خۆیان سەیریان کردم. منیش ئەرکی خۆم بەجێهێنا. بە راشکاوی نەمویست دڵتەنگیان بکەم.
 
رووداو: باشە، پێموایە دواتر تۆ لە تەلەڤزیۆن دۆناڵد ترەمپ دەبینیت و دایکت دەڵێت: "ئەمە باوکی بایۆلۆژیی تۆیە". دوای ئەوە تۆ بەدوای ئەم بابەتەدا دەچیت. ئایا هیچ هەنگاوێکی یاساییت ناوە؟ سەردانی هیچ دامەزراوە و رێکخراوێکت کردووە؟
 
نەجلا: سەرەتا ویستم چاوم پێی بکەوێ و چوومە باڵیۆزخانە و داوای دیدارم کرد، لەو کاتەدا قبووڵیان نەکرد. راوێژم لە هەندێک کەس و پارێزەر وەرگرت و گوتم چۆن دەتوانین رێگەی یاسایی بگرینەبەر؟ کاتێک گوتیان "کەمێک ئەستەمە پێی بگەیت"، ورەیان رووخاندم. دواتر هاوڕێیەکی رۆژنامەڤانم هانیدام بۆ ئەم کارە و گوتی "با هەواڵەکەت بکەین"؛ گوتی "تەنیا بەم شێوەیە دەتوانیت پرۆسەی دادگایی خێراتر بکەیت و زووتر بەم بابەتە بگەیت".
 
رووداو: ئایا لە تورکیا داوات تۆمار کردووە؟ واتە چوویتە هیچ دادگایەک و داوای مافی خۆت کردووە یان داواکارییەکی لەو شێوەیەت پێشکەش کردووە؟
 
نەجلا: بەڵێ، کردم. لە تورکیا وەک دەزانن دادپەروەری کارناکات، لەبەرئەوەی (دادگە) بە سیاسی کراوە و یەکلایەنە کاردەکات، من بە نائومێدییەوە داواکەم پێشکێش کرد. راستیش دەرچووم. دواتر داواکارییەکم پێشکێش کرد و سکاڵام تۆمار کرد. دادوەر بە تۆمەتی "درۆزنی بێ بنەما" تۆمەتباری کردم. داواکارییەکەمی قبووڵ نەکرد. رەتکردنەوەی داواکاریی دادگا و بەکارهێنانی وشەی "بێ بنەما" و "درۆزن" بەبێ لێکۆڵینەوە و بەپێی پێگەی بەرامبەر، شتێکی باش نییە. من ئەمە وەک سووکایەتییەک بۆ خۆم و بەڕێز ترەمپ دەبینم، چونکە هەوڵدەدەم بە خێزانەکەم بگەم. تۆ ناتوانیت بەبێ زانینی راستییەکان بە "بێ بنەما" تۆمەتبارم بکەیت. وەک دەزانن لە تورکیادا دادگا بەم شێوەیە کاردەکات. بۆیە داواکارییەکم بە زمانی ئینگلیزی نووسی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا تاوەکو رادەستی دادگای خێزانی بکرێ. ئینگلیزییەکەم زۆر باش نییە. بە هەوڵی خۆم و بە یارمەتیی کەسانێک بە شێوەیەکی رێک و پێک نووسیم. بە پۆست بۆ باڵیۆزخانەم نارد. لەوێش چاوەڕێی وەڵامم.
 
رووداو: داواکاریت لە ترەمپ چییە؟ واتە ئێستا ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێ؟ دیار نییە پشکنینی DNA دەکرێت یان نا. بەڵام ئەگەر وا دابنێین کرا و ئەنجام ئەرێنی بوو، هەست بە چی دەکەیت؟
 
نەجلا: بە راشکاوی بڵێم، سەرسام دەبم، دڵخۆش دەبم و دڵخۆشیش نابم. ئەگەر بپرسیت بۆچی؟ پێت دەڵێم، من بە درێژایی ئەم ماوەیە لەنێو ناخۆشی و سەختییەکی زۆردا گەورە بووم. هەرگیز نەمتوانی خوێندنم تەواو بکەم. ژیانی تایبەت و کاری خۆمم نەبووە. لە هەموو شتێک بێبەش بووم. بێگومان لێی دەپرسم بۆچی بەدوامدا نەگەڕاوە، بۆچی هەواڵی نەپرسیووم، بۆچی خاوەندارێتی لێنەکردووم. لە کۆتاییدا منیش دەبمە یەکێک لە منداڵەکانی. تووشی شۆک دەبم، بەڵام بێگومان ئەم پرسیارانەش دەکەم. رەنگە یەکلایەنە نەبێت، لەوانەیە ئاگاداری نەبووبێت، بۆیە تۆمەتباری ناکەم، بەڵام لە سەرەتادا رەنگە خۆیشی نەخوازێت قبووڵی بکات. بەڵام تاکە رێگە بۆ زانینی راستییەکە پشکنینی DNAـیە. ئەگەریش ئەو قبووڵی بکات، ویژدانی من ئاسوودە دەبێت و هی ئەویش. هیچ نیشانەیەکی پرسیار لە مێشکماندا نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە ساوێزی باکووری کوردستان. وێنە: AA

بەهۆی بەفربارینەوە لە قوتابخانەکانی27 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کرایە پشوو

بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەفربارینێکی زۆرەوە، لە قوتابخانەکانی 27 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کرایە پشوو، زۆربەیان پارێزگاکانی باکووری کوردستانن. پشووی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، مێردین و مووش رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە.