رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان - دەم پارتی لە بەدلیس رایگەیاند، لە 51 شاردا میتنیگ ساز دەکەن، دەیانەوێت هەندێک رێگەچارە بۆ گەل روون بکەنەوە و گەل ئاگاداری کۆبوونەوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئیمراڵی بێت.
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی، گەل گلەیی هەیە کە ئاگایان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی و کۆبوونەوەکانی شاندەکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان نییە، بۆیە دەیانەوێت بۆیان روون بکەینەوە و بۆچوونەکانیان وەربگرین.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "پلانی ئێمە ئەوەیە، تاوەکو 10ی ئەم مانگە میتینگ و کۆبوونەوەکان کۆتایی پێبهێنین، بەڵام رەنگە تاوەکو 20ی مانگ بخایێنێت."
سەبارەت بە ئەگەری دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، حوسێن ئۆلان گوتی، "ئەم کێشەیە هی هەر چوار پارچەی کوردستانە، کێ پێویست بکات ئێمە دیداری لەگەڵ دەکەین بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەری."
ئۆلان باسی قۆناخی دوای میتینگەکانی کرد و گوتی، "لەوانەیە دووبارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆببینەوە، هەروەها لەگەڵ دامەزراوە و سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبینەوە، دواتر راپۆرتێک ئامادە دەکەین، ئەگەری زۆرە جارێکی دیکە شاندەکەمان سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە."
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دیدارەکانی ئیمراڵی کۆتاییان هاتووە و چاوەڕێن داوا لە پەکەکە بکرێت چەک دابنێت.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، دوای ئەم کۆبوونەوانە ئەگەرێکی زۆرە پەیام بۆ قەندیل بنێردرێت، بەڵام سەبارەت بە چۆنێتی و میکانیزمی گەیاندنی پەیامەکە بۆ قەندیل، تائێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە.
حوسێن ئۆلان باسی لەوە کرد، "ئەم پرۆسەیە قورسە، چونکە کێشەیەکی 100 ساڵە هەیە و لەوانەیە هەندێک شت ئێمە نەمانەوێت دەربکەوێت، بەڵام هیوادارین و هەموو شتێک لەدەستمان بێت بۆ سەرکەوتنی ئاشتی دەیکەین. ئەمە دوا دەرفەتی ئێمەیە، دەبێت باش بەکاریبهێنین بۆ ئەوەی گەلی کورد بگاتە ئاشتییەکی بەردەوام و شکۆمەند."
سەبارەت بە چەکدانان، ئۆلان دەڵێت، "پێویستە بیانووی چەکهەڵگرتن لەنێوبەرین، چونکە ئەگەر ئێستاش چەک دابنرێت، ئەگەر کێشەکە لە رەگەوە چارەسەر نەکرێت، دوای چەند ساڵی دیکە گرووپێکی دیکە چەک هەڵدەگرن."
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دوای سەردانەکانی ئیمراڵی و کۆبوونەوەکان لەگەڵ رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 51 شار، میتینگ ساز دەکات.
میتینگی یەکەم لە شاری ئیستەنبووڵ لە مەیدانی ئەسەنیورت دەکرێت و تولای حاتەم ئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بەشدار دەبێت.
میتینگی دووەم 8ی شوباتی 2025 لە پارێزگای ئامەد ساز دەکرێت و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بەشدار دەبێت. میتینگی سێیەمیش لە 9ی شوبات لە مێرسین دەکرێت و تولای حاتەم ئۆغوڵاری بەشدار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ