رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سعودیە دەکات. ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لەپاڵ کۆڕبەندی کاری تورکیا-سعودیە، رێککەوتنی نوێی ئابووری واژۆ دەکرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، سبەی سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی سعودیە دەکات و کە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لەلایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە کۆشکی یەمامە لە ریاز پێشوازی لێ دەکرێت.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، بە سەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانیی و ئەنجوومەنی پەیوەندیە ئابوورییەکانی دەرەوە (DEİK) کۆڕبەندی کاری سعودیە-تورکیا بەڕێوە دەچێت.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، سعودیە نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا هەناردە دەکات، لە بەرامبەردا تورکیا چەندین بەرهەمی وەک مافور، بەردی بیناسازی، بەرهەمەکانی توتن، خۆراک و مۆبیلیات هەناردەی سعودیە دەکات.
بەپێی داتاكانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و سعودیە کە لە ساڵی 2015دا گەیشتبووە 5.590 ملیار دۆلار، لە ساڵانی 2016 تاوەکو 2019 لە 5.107 ملیار دۆلاردا بوو.
دوای دابەزینی قەبارەی بازرگانیی لە ساڵانی 2020-2021دا بەهۆی کاریگەریی پەتای کۆرۆنا، رێژەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات رووی لە زیادبوون کردووە و بەردەوامە.
قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2022دا گەیشتە 6.493 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2023دا گەیشتە 6.825 ملیار دۆلار. لە 2024یشدا 8.24 ملیار دۆلار بوو و پاریش گەیشتە 8.166 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ