رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، ئامادەکاری کراوە بۆئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەنێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە تورکیا بەڕێوەبچێت. ئەوەش دەخەنەڕوو کە واشنتن سەرەڕای ناردنی هێز، "رێککەوتنی دەوێت نەک جەنگ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا کە لە زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە دەستیکەوتووە، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە و بەدیاریکراوی رۆژی هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە.
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری ئەو بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی سێ وڵاتی ناوچەکە (تورکیا، قەتەر و میسر) رێکخراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانە. بەرپرسە ئەمریکییەکان جەختیان کردووەتەوە، "هەرچەندە هێزێکی سەربازیی زۆرمان رەوانەی ناوچەکە کردووە، بەڵام واشنتن لەگەڵ رێککەوتنە، نەوەک هەڵگیرسانی جەنگ."
تەوەرێکی سەرەکیی دانوستاندنە چاوەڕوانکراوەکان، پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە. میدیای ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئەنقەرە پێشنیازی کردووە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران (کە بڕەکەی نزیکەی 440 کیلۆگرامە و ئاستی پیتاندنەکەی 60٪ـە) بۆ تورکیا بگوازرێتەوە و لەوێ کۆگابکرێت.
ئەم پێشنیازە هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2010ـی نێوان تورکیا، بەرازیل و ئێرانە، کە ئەوکات تاران رازی بوو 1200 کیلۆگرام یۆرانیۆم بنێرێت بۆ تورکیا، بەڵام رێککەوتنەکە بەهۆی ناڕەزایەتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەری نەگرت. دواتر رووسیا رۆڵی گێڕا و 11 هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی ئێرانی وەرگرت.
چاودێران پێیانوایە لەم قۆناخەدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تورکیا بە "پارێزەرێکی جێی متمانەتر" دەزانێت بەراورد بە رووسیا، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە بەهێز و نزیکەکەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان.
دەستپێکردنەوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو (نیسان بۆ حوزەیرانی 2025)، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پرۆسەکە شکستی هێنا.
مانگی رابردوو گرژییەکان گەیشتنە لوتکە؛ دوای ئەوەی لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە خۆپیشاندان لە ئێران دەستیپێکرد و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد ئەگەر تاران توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ