سەرۆکی هوداپار لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا: چەک رێگەچارە نییە

02-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) دەڵێت، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئامانجە و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆیش پێویستە؛ لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەڵێت، "چەک و تووندوتیژی رێگەچارە نییە."
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار شەوی هەینی 2ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "دەمانەوێت بە خێر کۆتایی بێت. ئەمە ئامانجێکە و دەبێت بەدیبێت. چەک، تیرۆر و تووندوتیژی هیچ کاتێک بۆ گەڕان بەدوای مافەکان، نابنە رێگەچارە."
 
سەرۆکی هوداپار گوتی، پارتەکەی پاڵپشتیی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی تووندوتیژی زیان بە هەموو لایەک دەگەیێنێت، کەواتە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئاسانە؛ ناچارین رێگەچارەیەک بدۆزینەوە."
 
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا رێکخراوەکە (پەکەکە) خۆی و درێژکراوەکانی لە سووریا هەڵدەوەشێنێتەوە؟" یاپجیئۆغڵو گوتی، "دەکرێت رێکخراوەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دەکرێت کەسانێک لە نێو رێکخراوەکە یان درێژکراوەکانی بڵێن، ئێمە قبووڵی ناکەین."
 
بە بۆچوونی سەرۆکی هوداپار، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئامانجە و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆیش پێویستە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر یەکێکیان بەدی بێت، ئەوەی دیکە ئاسان دەبێت، هەردووکیان بەیەکەوە پەیوەستن. ئێمە مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. دەبێت هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکانمان بدەین."
 
لە تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا کە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
پارتی دۆزی ئازاد (ھوداپار) کە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو سەرۆکییەتی، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی باکووری کوردستانە و رۆژی 19-12-2012 دامەزراوە.
 
پارتەکە لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023 لە ژێر ناوی هاوپەیمانی جمهووری ئاکپارتی و مەهەپە بەشداری لە هەڵبژاردن کرد و چوار کورسی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە