لە پارێزگای موغڵای تورکیا هێرش دەکرێتە سەر سێ کرێکاری کورد

03-04-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای موغڵای تورکیا، بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی، هێرش دەکرێتە سەر سێ کرێکاری کورد.
 
رووداوەکە رۆژی شەممە 1ی نیسانی 2023 لە گەڕەکی تورگوت رەیس لە شارۆچکەی بۆدرووم روویدا، هەواڵەکە رۆژی یەکشەممە 2ی نیسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
 
ئەو سێ کرێکارە کوردە 20 رۆژ پێشتر لە شارۆچکەی مسرج سەر بە پارێزگای سێرت-ی باکووری کوردستان، بۆ کارکردن چووبوونە شارۆچكەی بۆدرووم لە پارێزگای موغڵای تورکیا.
 
محەممەد شاکر باڵتە لەگەڵ دوو خاڵی وەکو کرێکار لە پڕۆژەیەکی بیناسازی کاریان دەکرد. بە پاساوی ئەوەی لە کاتی کارکردندا بە زمانی کوردی قسەیان کردووە لەلایەن گرووپێکەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
 
محەممەد شاکر باڵتە، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، لە پڕۆژەیەکی بیناسازیدا وەکو کارەباچی کاریان کردووە و لەنێوان خۆیاندا بە کوردی قسەیان کردووە، بەو هۆیەوە لەلایەن ئەو کرێکارانەوە کە لە هەمان شوێن کار دەکەن هێرش کراوەتە سەریان.
 
محەممەد شاکر باڵتە گوتیشی، "لە خواردنگەی شوێنکارەکەماندا لەبەرئەوەی بە کوردی قسەمان دەکرد، سەرەتا هاواریان کرد و دواتر لە شێوەی (گرووپێکی قەرەباڵخ) هێرشیان کردە سەرمان (تاپڕ و چەقۆ و پارچە ئاسنیان بەدەستەوە بوو)."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی لێیان دراوە، چوونەتە نەخۆشخانە و راپۆرتی پزیشکییان وەرگرتووە، سێ تەقەڵ لە سەری خۆی دراوە، یەکێک لە خاڵەکانی چەقۆ بەر سەری کەوتووە و خاڵەکەی دیکەشی لووتی شکاوە.
 
محەممەد شاکر باڵتە ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی یەکشەممە لەلایەن فەرماندەیی جەندرمە گوتەیان لێ وەرگیراوە و رۆژی دووشەممە 3ی نیسان سکاڵا تۆمار دەکەن، "تائێستا کەس دەستبەسەر نەکراوە و هێشتا هەڕەشەمان لێ دەکەن. دەڵێن: ئێمە گەورەی ئێرەین و کەس ناتوانێت لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکات."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەبارەی هێرشکردنە سەرمان، عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاردانی ئاکپارتی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردوون و ئاماژەی بەوە داوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە