هاکان فیدان بانگهێشتی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت

03-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆڵەندا بانگهێشتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
 
ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، ئانا رادوان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا بانگهێشتی هاکان فیدانی کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
 
بڕیارە کۆبوونەوەکە رۆژی 6ی ئایاری 2025 لە وارشۆ بکرێت و پۆڵەندا سەرۆکایەتی دەکات.
 
21ـی ئابی 2024 دوای پێنج ساڵ لە دوورخستنەوەی تورکیا لەو جۆرە کۆبوونەوەیەی یەکێتیی ئەورووپا، هاکان فیدان بانگهێشت کرا و ئەوەش بە کرانەوەیەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا هەژمار کرا.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هاکان فیدان وەڵامی بانگهێشتەکەی نەداوەتەوە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پێشبینی دەکەن بانگهێشتەکە پەسند بکات و بەشدار بێت.
 
تورکیا یەکەمجار لە ساڵی 1959 داوای ئەندامبوونی پێشکێشی یەکێتیی ئەورووپا کرد، لە ساڵانی 1970 و 1987 بووە بەربژێری ئەندامبوون لەو یەکێتییە و داوای لێکرا زنجیرەیەک چاکسازی لە یاسای دژەتیرۆر، مافەکانی مرۆڤ و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەورووپا جێبەجێ بکات. بەڵام ساڵی 2018 لە بەربژێربوون دوورخرایەوە و دانوستاندنەکان راگیران. 
 
چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، هەموارنەکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کودەتا سەربازییەکان، کێشەی دیموکراسی و پرسی کۆچبەران و چەندین کێشەی دیکە هۆکاربوون بۆ ئەوەی تورکیا تاوەکو ئێستا نەبێتە ئەندامی یەکێتییەکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە