رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا کە سەردانی پارێزگای ئەنتاڵیایان کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 176% زیادیکردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 284 هەزار و 513 گەشتیار.
ئەرسین یازیجی، پارێزگاری ئەنتاڵیا رۆژی یەکشەممە 03-07-2022 رایگەیاند، "ئامارەکانی ئهمساڵی گەشتوگوزاری پارێزگاکە دڵخۆشکەرن."
بەپێی ئەو راپۆرتەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئەنتاڵیا، کە رۆژی یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە فڕۆکە چوونەتە شارەکە بۆ بەسەربردنی کات، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، زیادیکردووە.
وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، له رۆژانی نێوان 1ی کانوونی دووەمی 2022 تاوەکو 30ی حوزهیرانی 2022، ژمارهی ئهو گهشتیارانهی کە له رێگهی هێڵە ئاسمانییەکانهوه چوونەتە شارهكه، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژهی 176% زیادیكردووه و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 284 هەزار و 513 گەشتیار. زۆرترینیش لە مانگی حوزەیراندا بووە کە تێیدا یەک ملیۆن و 869 هەزار و 206 گەشتیار چوونەتە ئەو شارە.
وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 954 هەزار و 998 گەشتیاری ئەڵمانی سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە و بەو جۆرەش ئەڵمانییەکان لە ریزبەندی یەکەم هاتوون. دوای ئەویش گەشتیارانی رووسی، بەریتانی، پۆڵەندی و هۆڵەندی دێن.
بەهۆی رێکارە قورسەکانی کۆرۆناوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا تەنیا یەک ملیۆن و 368 هەزار و 630 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن چووبوونە ئەنتاڵیا. ساڵی رابردووش بەگشتی 9 ملیۆن و 211 هەزار و 544 گەشتیار سەردانی ئەنتاڵیایان کردبوو.
لە ساڵی 2016دا 6.4 ملیۆن کەس سەردانی ئەنتاڵیایان کردبوو؛ بەڵام لە 8 مانگی یەکەمی ساڵی 2017دا نزیکەی 7.5 ملیۆن کەس بۆ گەشتکردن چووبوونە ئەو شارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ