رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێ و پێی دەڵێ: "رەنگە تۆ نەزانیت کێ جەللادە و کێ قوربانییە، بەڵام برا کوردەکەم زۆر باش دەزانێ کێ جەللادە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە سێی کانوونی یەکەمی 2025 لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکێشی کرد، رەخنەی تووندی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گرت کە لە کۆنگرەی پارتەکەیدا بە ناڕاستەوخۆ دەستەواژەی سیندرۆمی ستۆکهۆڵمی بۆ دەم پارتی بەکارهێنابوو.
ئەردۆغان گوتی: "بەشداریکردنی دەم پارتی لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر، گوایە سیندرۆمی ستۆکهۆڵمە، واتە عاشقبوونە بە جەللادەکەی خۆی. مرۆڤ دەبێت کەمێک شەرم بکات. با بڵێین تورکیا ناناسیت، با بڵێین ئاگات لە سیاسەتی دەرەوە نییە، با بڵێین لە بواری ئابووریدا هیچ نازانیت، بەڵام مرۆڤ بەلایەنی کەمەوە دەبێت رابردووی خۆی بزانێت، مێژووە رەشەکەی خۆی بزانێت".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێستا پێویستە لەم بەڕێزە بپرسین: ئەرێ تۆ لە ژیانتدا هەرگیز مێژووی پڕ لە پەڵەی شەرمەزاریی جەهەپەت نەخوێندووەتەوە؟ هەرگیز فێر نەبوویت کە فاشیزمی تاک حیزبی چی بەسەر ئەم گەلەدا هێناوە؟ رەنگە تۆ نەزانیت کێ جەللادە و کێ قوربانییە، بەڵام برا کوردەکەم زۆر بەباشی دەزانێت کێ جەللادە".
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە 39ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا گوتی: "بانگەوازتان بۆ دەکەم تووشی سیندرۆمی ستۆکهۆڵم نەبن، بانگەوازتان بۆ دەکەم عاشقی ئەو جەللادەمان نەبن کە دوێنێ بەزۆر لە دەستی رزگارمان بوو".
ئەم لێدوانە نیگەرانیی دەم پارتی لێکەوتەوە، هەرچەندە دواتر ئۆزەل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وشەی "جەللاد" ئاراستەی دەم پارتی نەکراوە، هەروەها کاردانەوەکەی تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بە "دڵپیسی" ناوبرد و رایگەیاند، درێژە بەو مشتومڕە نادات.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە دووی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا کاردانەوەی تووندی بەرامبەر لێدوانەکەی ئۆزگور ئۆزەل نیشاندا.
باکرهان پرسی: "بەڕێز ئۆزەل، لە کاتێکدا ئێمە لە پەرلەمان باسی یاسا دەکەین و لە شەقامەکان هەوڵدەدەین ئاشتی بکەینە کولتوور، بۆچی ئێوە لە مینبەرەوە قسەی سووکایەتیکردن بە گەلێک دەکەن؟"
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "با هەمووان باش بزانن ئەگەر 'دەفتەری جەللاد'ـەکان هەڵبدەینەوە، ئەگەر باسی رابردوو بکەین، هەمووتان قەرزدار دەبن. بانگەوازی هەمووان دەکەم واز لە زمانی ململانێ بهێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ