مەتینەر: کورد هەرگیز خیانەتکار نەبووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی ستایشی هەڵوێستی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، کە نەچوونەتە ناو بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دەشڵێت: "کورد خاوەن پاکترین تۆماری دڵسۆزییە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، محەممەد مەتینەر، سەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە کورد بە "هاوکار و دەستکەلای هێزە دەرەکییەکان" ناو دەبەن.
 
مەتینەر تیشکی خستە سەر هەڵوێستی ئێستای سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و نووسیویەتی: "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق، سەرەڕای گوشارە قورسەکانی ئەمریکا و ئەو پێشنیازە سەرنجڕاکێشانەی پێشکێشیان کرا، لە دژی ئێران لە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلدا جێیان نەگرت."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی تورکیا هەروەها نووسیویەتی: "بارزانییەکان ئەم هەڵوێستەیان بە دەنگی بەرز راگەیاند، تەنانەت کوردانی لایەنگری بارزانی لە ئێرانیش هەمان هەڵوێستیان هەبوو."
 
سەبارەت بە مێژووی پەیوەندیی نێوان کورد و تورک، مەتینەر ئاماژەی بەوە کرد کە کورد لە سەردەمی عوسمانییەکان و خەباتی نیشتمانیی تورکیاشدا، هەموو پێشنیازێکی هێزە رۆژئاواییەکانیان رەتکردووەتەوە و هەمیشە دڵسۆزی برا تورکەکانیان بوون.
 
مەتینەر دەڵێت: "کورد تەنانەت لەو کاتانەی نکۆڵی لە بوونیان دەکرا و زمانیان قەدەخە کرابوو، هەمیشە پابەندی وڵاتەکەیان بوون. ئەگەر بمانەوێت بزانین کێ پاکترین تۆماری هەیە لە بەرامبەر خیانەت نەکردن، ئەوا بێگومان کوردە بەشەرەف و دڵسۆزەکانن."
 
لە پەیامەکەیدا، محەممەد مەتینەر نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستانە دەربڕی کە گومان دەخەنە سەر دڵسۆزیی کورد و رایگەیاند: "ئەوە جێگەی داخە هەندێک کەس کە بە ئیسلامی و ئوممەتچی خۆیان دەناسێنن، بە جۆرێک باسی کورد دەکەن وەک ئەوەی خیانەتکار بن. خستنە ژێر پرسیاری هەستی دڵسۆزیی کورد، نادادپەروەرییەکی گەورەیە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک میدیای جیهانی پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاریی هەولێر جووڵەی سەربازییان دژی ئێران دەستپێکردووە؛ بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو لە بەدواداچوونێکدا ئەو دەنگۆیانەی لە زاری سەرکردە کوردەکانەوە بەدرۆ خستەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری تورکیا

بەرگریی تورکیا: لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی ئێرانین و چاودێریی پژاک دەکەین

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی نێو ئێران و جووڵەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەکەن؛ جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەنقەرە دژی دابەشبوونی وڵاتانی دراوسێیە و پشتگیری لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکیان دەکات.