پەرلەمانی تورکیا: لە رۆژانی داهاتوودا دەنگ لەسەر راپۆرتی لیژنەی چارەسەری دەدرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، لە رۆژانی داهاتوودا دەنگ لەسەر راپۆرتی هاوبەشی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەدرێت و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 4-2-2026، تیمی نووسینەوەی راپۆرتی هاوبەشی لیژنەکە کە لە رێکخەری پارتە سیاسییەکان پێکدێت، بە سەرپەرشتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە.
 
پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردووە، نوعمان کورتوڵموش تاوەکو ئێستا پێنج کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی نێو لیژنەکە بۆ راپۆرتە هاوبەشەکە کردووە و "لەو کۆبوونەوانەدا، ئەو بابەتانەی لە چوارچێوەی راپۆرتە ئامادەکراوەکانی پارتەکاندا دیاریکرابوون، بە وردی و بە فراوانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەی لیژنەکەدا کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بکرێت، شێوازی کۆتایی بە راپۆرتەکە دەدرێت، دەنگی لەسەر دەدرێت و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا راپۆرتی هاوبەش ئامادە دەکرێت و لە بەشی کۆتایی راپۆرتەکەدا راسپاردەی کۆمیسیۆن دەنووسرێت.
 
یڵدز گوتیشی: "دوای ئەوەی راپۆرتە هاوبەشەکە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز دەکرێتەوە، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بڕیار دەدات بکرێتە پرۆژەیاسا و کاری بۆ بکرێت، یان بە شێوازێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە