ڤیدیۆ.. لە پرسەی سری سورەییا ئۆندەر ھێرش کرایە سەر ئۆزگور ئۆزەل

04-05-2025
هێمن عەساف
ساتی هێرشەکردنە سەر ئۆزگور ئۆزەل.
ساتی هێرشەکردنە سەر ئۆزگور ئۆزەل.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سری سورەییا ئۆندەر لە ئیستەنبووڵ کەسێکی نەناسراو هێرشی کردە سەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و بە تووندی زلـلەیەکی لێدەدات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئایاری 2025 بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە هۆڵی رۆشنبیریی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە سری سورەییا ئۆندەر بەڕێوەچوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، ئۆزگور ئۆزەل لەکاتی دەرچوونی لە هۆڵەکە، لەنێو قەرەباڵخیدا کەسێک خۆی وەکو هەوادار نیشاندا و خۆی لێ نزیککردەوە، بەڵام لەناکاو بە زلـلەیەکی بەهێز هێرشی کردە سەری.
 
پاسەوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل دەستبەجێ ئەو کەسەیان قۆڵبەست کرد و بەشێک لە پاسەوانەکانی دیکەشی، لە شوێنی رووداوەکە دووریان خستەوە.
 
 
تاوەکو ئێستا ناسنامەی هێرشکارەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە میدیای تورکیا باس لەوە دەکرێت، لەکاتی قۆڵبەستکردنیدا، هێرشکارەکە گوتوویەتی، "ئێمە رۆڵەی عوسمانییەکانین."
 
یەکەم کاردانەوەی هێرشەکە، لەلایەن عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەونە دەکەم. هێرشکارەکە دەستگیرکرا و ناوی (س. ت)ە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. هەر کەسێک زاتی ئەوە بکات ئاژاوە بنێتەوە، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە."
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، ئەم جۆرە هێرشە "مایەی قبووڵکردن نییە و پێویستە سزا بدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە