رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا لە حکومەتەکانی سووریا، عێراق و ئێران دەکات هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست نەکەن. دەشڵێت: ''چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا ئەوەیە، پاڵپشتییەکانی بۆ یەپەگە بووەستێنێت''.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتی، کێشەی سەرەکیی ئەوان "هەڕەشەکانی ئەو دیو سنوورن". راشیگەیاند: ''داوامان لە ئەحمەد شەرع ئەوەیە، کێشەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی چارەسەر بکات، سەرنج بخاتە سەر ئەو بابەتانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و ناوچەکە. هەمان داواکاریمان لە عێراق و ئێرانیش هەیە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: ''وەک چۆن ئێمە بۆ وڵاتانی دیکە نابینە مایەی هەڕەشە، ناشمانەوێت هیچ لە وڵاتانی چواردەورمان ببنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئێمە''.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەسەدە چەکدابنێت؛ گوتیشی: ''سووریا لەپێناو ئاسایش، خاکی وڵاتەکەی لەدەستی ئەوانە رزگار دەکات و هەموو ئەو پەکەکەییانەی لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون دەیانگەڕێنێتەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون یان لەنێویان دەبات''.
لەبارەی بەڕێوەبەڕایەتیی خۆسەرەوە، هاکان فیدان گوتی، ''ئەو ناوچانە سێ لەسەر یەکی خاکی سووریان، عەرەبەکان لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەدا دەژین. لەوێدا میکانیزمێک دروستبووە، لە داهاتوودا هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی نێوان کورد و عەرەبەکان دەکات. ئەو رێکخراوە(هەسەدە) کە لەلایەن یەپەگەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەو شوێنانەی داگیرکردوون کە عەرەبەکانی لێ دەژین. کوردی ئەوێ کەسانی بەڕێز و قەدرگرانن، لەگەڵ عەرەبەکان هیچ کێشەیەکیان نییە، عەرەبەکانیش کێشەیان لەگەڵ ئەواندا نییە''.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا دامەزراوە، هێزی سەربازی و ئەنجوومەنی گەلی هەیە.
هاکان فیدان دەڵێت "یەپەگە لە سەردەمی ئەسەددا قەوارەیەکی دیفاکتۆی دامەزراندووە، بەڵام لە سووریا هیچ ئۆتۆنۆمییەک بە هیچ لایەنێک نادرێت".
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان داوە، تورکیا بەردەوام جەخت لە کۆتاییهێنان بەو هاوکارییانە دەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ''چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا ئەوەیە، پاڵپشتییەکانی بۆ یەپەگە بوەستێنێت، هەروەها کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی و یەکێتیی نیشتیمانی سووریا''.
عێراق پەکەکەی وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو ناساندووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوەڕوانی زیاتری لە عێراق هەیە و دەڵێت: "'لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەی بەگوێرەی دەستوور لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، پێویستە هەنگاو بۆ وەستاندنی چالاکییەکانی پەکەکە بنرێت، لە سەرووی هەموویانەوە شنگال''.
فیدان هەر لەبارەی بوونی پەکەکە لە عێراق گوتی، ''ئێمە دەڵێن رێگە بە کابرا (پەکەکە) نادەین لە تورکیا بژی، کابرا دێت لە خاکی ئێوە شوێن داگیر دەکات. پێیان دەڵێین ئەمە بەمشێوەیە ببینن. کاتێک لەم سۆنگەیەوە سەیری دەکەن، ئەوانیش (عێراق) دەڵێن راستە، هاتووە لە وڵاتەکەم شنگال و مەخمووری داگیرکردووە. لە سلێمانی و زۆر شوێن و گوندی دهۆکی داگیرکردووە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز سوودانیش زۆر باش تێدەگات کە ئیدی عێراق پێویستە رزگاربێت لە قۆناخی نائاسایی و پێکدادان و گرووپە چەکدارە کۆنترۆڵنەکراوەکان".
فیدان لەبارەی بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پرسی کورد، گوتی: ''هەڵوێست و گوتارەکانی بەڕێز باخچەلی لەبارەی کورد و تورک زۆر بە گرنگ دەبینم و لەڕووی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئەم وڵاتە زۆر گرنگن. دەبینین، ئەو مەترسییێکی گەورەی سیاسیی گرتووەتە ئەستۆ، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەر لەبارەی بانگەوازەکەی باخچەلی گوتیشی: ''لەڕووی راکێشانی بەڕەی ژێر پێی تیرۆر، تا بڵێی گرنگە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ