رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی لە ئامەد لەگەڵ خەڵکی کۆبووەوە و جارێکی تر ئاماژەی بە بانگەوازێک کرد کە لە ئیمڕاڵییەوە دێت.
باکرهان لە قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر بێدەنگی دەسەڵات، واتە جێبەجێکارانی پرۆسەی چارەسەری و پەیوەست بەوەشەوە بانگەوازی بۆ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "لێرەوە بانگەواز دەکەم بۆ بەڕێز ئەردۆغان کە تاوەکو ئێستا قسەی نەکردووە و لەم بابەتەدا هیچ شتێکی بە ڕوونی نەگوتوە و نەخشەڕێگەیەکی نەخستووەتە روو. دەسەڵات چ هەنگاوێک دەنێت؟ نەخشەڕێگەی ئەوان چییە؟ رۆژی 24 کاژێر باسی چەکدانان دەکەن، بەڵام ئێمە رۆژێک نەبووینەتە شایەت کە بڵێت، بەڵێ ئەوانەی کە چەک دادەنێن چی دەکەن؟ بۆ کوێ دەچن؟ دەگەن بە خێزانەکانیان یان نا؟ ئەوانەی دەڵێن با چەکدار لە سووریا نەمێنن، لە عێراق نەمێنن، لە قەندیل نەمێنن، پلانی ئەم کارەیان داناوە؟ لە زیندانەکاندا بە سەدان هەزار زیندانی سیاسی هەن کە بێتاوان و بێ یاسا رادەکشێن، دۆخی ئەو زیندانییانە چی دەبێت؟ پرسی زمانی دایک چییە؟ دۆخی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان چۆن دەبێت؟ قەییومەکان کە دەستبەسەرداگرانی ئیرادەن چۆن دەبن؟
لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی دەم پارتی بانگەوازی لە هاووڵاتییانی کورد و تورک کرد کە خاوەنداری لە پڕۆسەی چارەسەری بکەن، مەرجەکانی پێکهاتنی ئاشتیشی ریز کرد و ئاماژەی بە پەیوەندیی پڕۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی رۆژئاوا کرد.
تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد، "ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت، دەبێت کورد بتوانێت بە زمانی خۆی پەروەردە ببینێت، دەبێت دیموکراسییەتێکی خۆجێیی هەبێت. ئەم پڕۆسەیە لە هەمان کاتدا باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش دەگرێتەوە. ئەوانەی لێرە دەستی ئاشتی درێژ دەکەن دەبێت دەستی ئاشتی خۆیان بۆ براکانی ئێمەش درێژ بکەن کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەژین."
خەڵکی ئامەدیش کە بە هیواوە لە پرۆسەی چارەسەری دەڕوانن، باسی چاوەڕوانییەکانی خۆیان کرد.
هاووڵاتییەکی ئامەد لەوبارەوە گوتی، "سەرەتا دەبێت زمانەکەمان بناسرێن. لە خوێندنگەکاندا دەبێت بە زمانەکەمان پەروەردە بگوترێتەوە."
هاووڵاتییەکی عەرەبی دانیشتووی شارەکەش باسی لەوە کرد، "ئەگەر ئەم پرۆسەی چارەسەرییە بەدیبێت، ئارامی و ئاسوودەیی دروست دەبێت، خۆش دەبێت، بۆ هەموو کەسێک خێر دەبێت. خودا خێر بکات."
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی، "هاووڵاتییانی تورک چۆن ژیانی خۆیان بەڕێدەکەن و چۆن دەژین، من دەمەوێت برا کوردیش ئاوا بژین. با قوتابخانەی کوردیش هەبێت، زمانی کوردیش هەبێت."
کۆبوونەوەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییەوە لە لایەن دەم پارتییەوە ساز دەدرێن، لە چەندین شاری تر لە کاتە جیاوازەکاندا ساز دەکرێن و پێشهاتەکانی ئەو بوارە لەگەڵ خەڵکدا بەش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ