رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی خۆبەخشانی زمانی کوردی (دڵکورد) راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا داوا لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەکات پشتگیری لە خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی باکووری کوردستان دا بکات.
دڵکورد لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا "بە قۆناخێکی مێژووییدا تێدەپەڕێ" کە ئامانجێکی سەرەکی بریتییە لە دەستکەوتنی ئاشتیی هەمیشەیی.
دڵکورد دەڵێ، بە وردی چاودێریی هەنگاوەکانی مەهەپە دەکەن کە لە 15 مانگی رابردوودا لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی ناویەتی و ئاماژە بەوە دەکات، لابردنی ئاستەنگە کارگێڕییەکانی بەردەم وانەی بژاردەی کوردی و هاندانی هەڵبژاردن و خوێندنی ئەو وانەیە لە لایەن قوتابییانەوە ئاماژەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی دەبێت بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە تورکیادا.
یەکێتیی خۆبەخشانی زمانی کوردی باس لەوە دەکات، زمان رۆحی نەتەوەیە و دەڵێ، بایەخدان بە زمانی کوردی لە بواری پەروەردەدا خۆشەویستی تاک بۆ وڵات و نیشتمانەکەی بەهێز دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، زمانی کوردی هێندەی زمانی تورکی میراتی ئەو سنوورەیە کە ئێستا ناوی تورکیایە و و ئاماژە بەوەش کراوە، لابردنی زمانێک لە سیستمی پەروەردە، زیان بە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی دەگەیێنێت.
دڵكورد دەڵێ، پشتگیریکردنی وانەی بژاردەی کوردی لەلایەن دەوڵەتەوە و خاوەندارێتیکردنی لەلایەن پارتێکی وەک مەهەپە کە هەستیاریی نەتەوەیی بەرزی هەیە، وا دەکات پرسی زمان وەک کێشەیەکی ئاسایش سەیر نەکرێ، بەڵکو وەک دەوڵەمەندییەکی کۆمەڵایەتی و مافی برایەتی ببینرێ.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم هەنگاوە پابەندبوونی هاووڵاتییانی کورد بە دەوڵەت و داهاتووی هاوبەشەوە بەهێزتر دەکات.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026دا 50 هەزار و 809 خوێندکار وانەی کرمانجی و 8 هەزار و 563 خوێندکار وانەی زازاکی ـیان هەڵبژاردووە، بە گشتی 59 هەزار و 362 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردووە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی 5-6-7 و 8ی کرمانجی و زازاکی ئاشکرا کران. ئەنجامەکان دەریانخستووە لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا رێژەی ئەو خوێندکارانەی وانەکانی کرمانجی و زازاکییان هەڵبژاردووە نزیکەی لە 100٪ زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ