حوسێن چەلیک رەخنە لە موسڵمانانی تورکیا و ناوچەکە دەگرێ لە بەرامبەر هەڵوێستیان بۆ رۆژئاوای کوردستان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری تورکیا رەخنە لە هەڵوێستی هاووڵاتییانی موسوڵمانی ناکوردی تورکیا و ناوچەکە دەگرێ و دەڵێ: "نیگەران بوون لە موسڵمانانی ئەوپەڕی جیهان و بێباکبوون لە دۆخی کوردانی موسڵمانی وڵاتی خۆت و باکووری سووریا، پرسێکە کە دەبێت لە رووی ئایینی و ئەخلاقییەوە وەڵام بدرێتەوە." 
 
حوسێن چەلیک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بابەتێکی نووسیوە و هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە و دەڵێت: "هەوڵەکان بۆ یەکسانکردنی هەموو کوردێک بە پەکەکە بەداخەوە روو لە زیادبوونە. بۆ نموونە، لە تورکیادا نزیکەی 25 ملیۆن کورد دەژین و لەو ژمارەیەش زۆرترین ژمارە کە دەکرێ 5 ملیۆن کەس بێ، پشتگیری لە پارتەکانی سەر بە هێڵی پەکەکە دەکەن."
 
حوسێن چەلیک دەڵێ: "جگە لەوە، چەند کۆمەڵگەیەکی بەرچاو هەن کە لە ژیانی رۆژانەیاندا باوەڕی ئایینییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، بەڵام کاتێک پرسی کورد و مافە کولتوورییە رەواکانی دێنە ئاراوە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن هەڵوێستی رەگەزپەرستانە نیشان بدەن. بەداخەوە، بەشێکی بەرچاوی ئەو کۆمەڵگە ئیسلامییانەی وشەی "ئوممەت" لەسەر زاریان ناکەوێ، ئەم وشەیە نەچووەتە نێو دڵیانەوە. نەتەوەپەرستی لە بەرگی ئوممەتچێتیدا پێشکەش دەکرێ. ئەم دۆخە و سیاسەتە ناوچەیی و رەگەزپەرستییەکانی دەوڵەت، رۆژ دوای رۆژ کوردی زیاتر بۆ باوەشی پەکەکە یان ئەو رێکخراوانەی هاوتەریب لەگەڵیدا کاردەکەن، پاڵ پێوەدەنێن." 
 
حوسێن چەلیک دەڵێت: "کاتێک کێشەیەک بۆ موسڵمانانی وڵاتانی وەک سۆماڵ، سوودان، میسر، فەلەستین، میانمار و فیلیپین دروست دەبێت، کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگەی دیندار کاردانەوە نیشان دەدەن، هاوسۆزی دەردەبڕن و تەنانەت یارمەتیی مادیی پێشکەش دەکەن، بەڵام لە وڵاتی خۆیاندا بینەر و بیسەر و بێدەنگ بوون بەرامبەر کوشتنەکانی بکەر نادیار، رفاندن، بێسەروشوێنکردن لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا. جگە لەوە، گوندەکان چۆڵ کران و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی خراپ لەلایەن دەوڵەتەوە بەرامبەر کورد کرا". 
 
ئەو وەزیرەی پێشووی تورکیا دەڵێ: "تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردانە چی بوو کە هاووڵاتیی ئاسایی بوون، بچووکترین سۆزیان بۆ پەکەکە نەبوو، تەنانەت منداڵەکانیان دەنارد بۆ سەربازی و پشتگیرییان لە خەباتی چەکداری دژی پەکەکە دەکرد و هەندێکجار لە نێوان گوشارەکانی دەوڵەت و پەکەکەدا بێچارە دەمانەوە؟"
 
حوسێن چەلیک دەڵێ، ئایا نەدەبوو هاووڵاتییە موسوڵمانە ناکوردەکانی تورکیا کە "خاوەن ئیمان و ویژدانن" کاردانەوەیان هەبێت بۆ کوردە گوندنشینەکان کاتێک گوندەکانیان دەسووتێنران و دەڵێ: "نیگەرانبوون بۆ موسڵمانانی ئەوپەڕی جیهان و بێباکبوون لە دۆخی کوردانی موسڵمانی وڵاتی خۆت و باکووری سووریا، پرسێکە کە دەبێت لە رووی ئایینی و ئەخلاقییەوە وەڵام بدرێتەوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە