رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە مۆڵەکانی شاری ئیستەنبووڵ، خەڵکێکی زۆر لەترسی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخ چوون بۆ کڕینی رۆنی شل. نرخ بەگوێرەی براند دەگۆڕێت؛ لە بەشێكی مارکێتەکاندا کڕیار رێگەی پێنادرێت زیاتر لە یەک تەنەکە رۆنی شلی پێنج لیتری بکڕێت؛ بابەتێک کە رۆژی شەممە بووە مژارێکی کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێت، "پێنج لیتر رۆنی شل دەزانن بووەتە چەند؟ لەمشەوەوە بووەتە 220 لیرە، هاووڵاتییان ئێستا لە مۆڵەکاندا نۆرەیان گرتووە. پار بە 50 لیرە بوو، ئێستا بووەتە 220 لیرە. بڕوانن ئێستا لە بازاڕی ئەنقەرە فرۆشتنی رۆنی شل وەستاوە؛ یان بە شێوەیەکی سنووردار دەفرۆشرێت".
وەزیری کشتوکاڵی تورکیا هەوڵدەدات بەشێک لەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە کە چەند رۆژێکە لای خەڵکی وڵاتەکەی دروستبوون.
واحید کیریشجی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا رۆژی یەکشەممە 6ی ئادار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "ئەو زانیارییانەی لەبارەی نەمانی رۆنی شل لە کۆگاکاندا بڵاوکراونەتەوە راست نین. لە کۆگاکانی وڵاتەکەماندا بڕی پێویست رۆنی شل هەیە. گوێ مەدەنە ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە؛ دۆخێک لەئارادا نییە مایەی نیگەرانی بێت".
ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 350 هەزار تۆن رۆنی شل لە تورکیا بەکاردەهێندرێت و نزیکەی 450 هەزار تۆنی لە رووسیا و نزیکەی 70 هەزاریشی لە ئۆکرایناوە هاوردە دەکات؛ بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕەوە ئەو هەناردەیە راگیراوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ