ئەردۆغان: زۆر نزیکین لە رزگاربوونی هەمیشەیی لە تیرۆر

06-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان و ئەفسەرانی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە، پاسەوانی سنوور، پاسەوانی کەنار دەریاکان و گوندپارێزەکان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە بۆ بەربانگ کۆبوونەوە. نیو کاژێر بەر لە رۆژوو شکاندن، گوتارێکی پێشکێش کردن. هەڵسەنگاندنی بۆ مژارە سەرەکییە نێوخۆییەکان و دەرەکییەکان کرد. 
 
هەروەها لە گوتارەکەیدا کاتێکی زۆری بۆ پرۆسەی ئاشتی، برایەتی کورد و تورک، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر و هەنگاوەکانی دواتر کرد. بانگەوازی بۆ کورد کرد و بە نەوەی سەلاحەدینی ئەیووبی ناوی بردن بۆ ئەوەی دەست لەناو دەست بنێن لە دژی پیلانگێڕی زایۆنیزمەکان. 
 
ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی تورکیا
  
سەرۆککۆماری تورکیا، لە خوانی بەربانگی ئەمڕۆدا گوتی: "بە هەوڵی قارەمانانەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانمان، تیرۆر گەیشتە خاڵی نەمان و لەنێوچوون. سەردەمانێک تیرۆریستان بە ویستی خۆیان هاتووچۆیان لەناو گوند، کێڵگە، دەشتایی و ناوچە شاخاوییەکاندا دەکرد. ئێستا ئارامی و سەقامگیری باڵی بەسەر ئەم شوێنانەدا کێشاوە."
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان گوتی: "بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق و سووریا، سەرکەوتوو بووین لە دوورخستنەوەی تیرۆریستان لە سنوورەکانماندا. بە واتایەکی دیکە لە 8-10 ساڵی رابردوودا توانیمان زۆربەی زۆری ئاستەنگ، بەربەست و تەگەرەکانی بەردەم ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر وەلانێین و رێگە بۆ ئەم ئامانجە ستراتیژییە خۆش بکەین."
 
"لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوورەکانماندا بەشێوەیەکی زۆر چڕ رەخنەی توندمان لێگیرا و چەواشەیان کرد و ویستیان رێگریمان لێبکەن، بەڵام لە ئیرادەی درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکاندا سڵمان نەکرد، پاشگەز نەبووینەوە و بە هەنگاوی پڕ لە دڵنیاییەوە کارەکانمان کرد." 
 
ئامانجی تورکیایەکی 'بێ تیرۆر'
  
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەدیهێنانی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر لە هەموو رەهەندەکانییەوە لە هەموو کاتێک زیاتر پێگەمان زۆر بەهێزترە. ئەمجارە زۆر نزیکین لە رزگاربوونی هەتاهەتایی لە تیرۆرێک کە 40 ساڵە خوێن و داهاتی نیشتمانی هەڵدەمژی. بەڕاستی سەختە سیاسەتڤانێک پشت لە هەنگاوێکی وەها مێژوویی بکات. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بەرژەوەندی 85 ملیۆن هاووڵاتییمان لەبەرچاو بگرین."
گوتیشی: "دەمەوێ گەلی ئازیزمان باش بزانێت، هیچ کات بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی هەوڵمان نەداوە، تەنیا و تەنیا بەرژەوەندی میللەت لەلای ئێمە گرنگە. لە خەمی بەدەستهێنانی باشترینەکانین بۆ تورکیا. ئامانجی سەرەکیمان لەم هەموو کارەدا گرتنەبەری کەشێکی پڕ لە ئارامی و سەقامگیرییە کە تێیدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانمان خوێن بە پەنجەیەکیشی نەیەت. هەروەها ئامانجمان بەدیهێنانی تورکیایەکە تێیدا برایەتی و تەبایی و هەرەوەزی لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت."
 
بانگەوازی ئەردۆغان بۆ نەوەکانی سەلاحەدین ئەیووبی
 
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رایگەیاند، جیهان و ناوچەکەمان لە سەردەمێکدا تێدەپەڕێت گۆڕانکاری گەورە تێیدا روودەدات. ئێمە لە تورکیا پێویستە بەوپەڕی هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین. زلهێزە رەشەکوژ و جینۆسایدکارەکان لەو رۆژەی بڕیاری دابەشکردنی خاک و نیشتمانیان داین، ئێمەش پێویستە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییانە کار بکەین و رێگە نەدەین دوای سەدەیەک هەمان سیناریۆ دووبارە بکەنەوە. ئەگەر ئەمە نەکەین نە باب و باپیرانمان، نە نەوەی نوێمان لێمان نابوورن. 
 
هەروەها گوتی: "ئێمەی نەوەی سوڵتان ئاڵپئەرسڵان و سەلاحەدین ئەیووبی، دەبێ دەست لەناو دەست بنێین و شان بەشان کاربکەین و رێگە نەدەین زایۆنیزمەکان نەشتەری نوێ لە جەستەی نیشتمان و ناوچەکەدا بکەن. بە رووخاندنی دیواری تیرۆر کە هەوڵیدەدا برایەتی و تەبایی هەزار ساڵەمان بڕوخێنێت [لەگەڵ کورد]، لە رووی دیموکراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و گەشەپێداندا دەرفەتی زۆر گەورەترمان دەبێت. لەم پرۆسەیەدا بەدڵنیاییەوە لە رووی ئاسایش و سەقامگیریدا زۆر چاوکراوەتر دەبین. بە مشتێکی پۆڵایین رووبەڕووی هەموو تۆڕێکی تاوانەکان دەبینەوە." 
 
تورکیا لەسەر مێزی زلهێزەکان دانەمەزراوە
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە هەزار ساڵ بە ئازادی لەسەر ئەم خاکەدا دەژین، بۆیە ئێمە خاوەن خاکین. کەس ئەم خاکەی لە سێنییەکی زێڕ پێشکێش نەکردین. تورکیا وڵاتێک نییە لەسەر مێز دامەزرابێت، بەخێری کەس ئەم وڵاتە دانەمەزراوە. ئێمە بە خوێن و ئارەقە ئەم خاکەمان ئاودا و کردمانە نیشتمانی دایک. لە باکوورەوە تا باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا لە کاتی پێویستدا گیانی خۆمان بۆی فیدا کرد. ئەو داگیرکارانەی هەوڵیاندا نەشتەرگەری لە جەستەی نیشتماندا بکەن بەهێزترین وەڵامیان وەرگرت و تا ئەم رۆژانە هاتووین."  
 
ئەردۆغان رووی کردە ئامادەبووان و گوتی: دەمەوێ ئەمڕۆ ئەم بابەتە زۆر بە روونی باس بکەم؛ تاوەکو ئەو کات خوای گەورە تەمەن ببەخشێت بە سەربەرزی لەسەر ئەم خاکەدا دەمێنینەوە. "تاهەتایە ئەم نیشتمانە پایەدار دەکەین. ئێوەی قارەمانەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ئاسمان و وشکانی و دەریاوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین ئەم وڵاتەتان پاراستووە."
 
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناوخۆی تورکیا
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەمیشە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناوی ئەم ناوچانە دەهێنێت "گابار، جودی، تەندورەک و بەسلەر دەرەسی" کە زنجیرە چیاکانی نێوان شرناخ، ئاگری و وان لە باکووری کوردستان دەگرێتەوە. 
 
ئەم ناوچانە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە پێگەی زۆر بەهێزی پەکەکە بوون و سوپای تورکیا سەرباری هەوڵی زۆر نەیتوانی کۆنترۆڵی ئەم ناوچانە بکات. بەڵام لە سەردەمی ئەردۆغان، ئەم ناوچانە لە دەست پەکەکە دەرهێندرا. 
 
لەمبارەیەوە ئەردۆغان گوتی: "ئێوە توانیتان لە ریشەوە کۆتاییان پێ بهێنن و لەناویان ببەن. لەو باوەڕەدام بەهەمان هێز و توانا و گیانەوە تیرۆریستان لەناو دەبەن. ئێوەی هێزە ئەمنییەکان کاتێک دەست لەناو دەست دەنێن، شان بەشان کار دەکەن و پشتی یەک بەرنادەن، کەس توانای ئەوەی نابێت لەم خاکە دەربەدەرمان بکات. بەدڵنیاییەوە لە سایەی رەنج و ماندووبوونی ئێوە ئاسایش و ئارامی و ئاڵا و بەها پیرۆزەکانمان پارێزراو دەبن. بەش بەحاڵی خۆم باش دەزانم بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هەموو هاووڵاتییانمان چەند قوربانیتان داوە و چەندە ماندوون." 
 
پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە
 
سەرۆککۆماری تورکیا باس لە شەپۆلێکی گۆڕانکاریی لە ناوچەکە دەکات و دەشڵێت: "نیشتمانمان لەنێو جەرگەی سێ کیشوەردایە، وەک چۆن دەرفەتی ستراتیژی زۆری بۆ رەخساندووین، هاوکات هێندەش رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە و بەردەوام دەبینەوە. ئێمەش کەوتووینەتە ژێر کاریگەرییەکانی کێشمەکێشی زڵهێزەکانی جیهان، بۆیە لە ئاست رووداوەکاندا دەستەوسان نەبووین و ناشبین. ناچارین لە ئاست هەموو سیناریۆکان بە چاوکراوەیی سیاسەت و رەفتار بکەین بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی وڵات کۆتاییان پێ بێت. سوپاس بۆ خوای گەورە لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە سەرجەم تاقیکردنەوەکاندا بە سەرکەوتوویی دەرچووین." 
 
سووریای دوای ئەسەد و گەڕانەوەی پەنابەران
 
ئەردۆغان لە باسی سووریا رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریای دراوسێمان دوای 13 ساڵ و نیو روویدا، بە نێوچەوانێکی گەش تێیدا دەرچووین بەو هەڵوێست و سیاسەتەی گرتمانەبەر. هەموو شتێکمان کرد بۆ ئەوەی شەرمەزاری نیشتمان و هاووڵاتییانمان نەبین. 
سەرۆککۆماری تورکیا نایشارێتەوە کە لەبارەی سووریاوە گوشارێکی زۆریان لێکراوە و دەشڵێت: "رەخنەی زۆر توندمان لێگیرا و تەنانەت بە ناپاکی تۆمەتبار کراین. باشە، ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئەوانەی جیاکاری و نەژادپەرستییان دەکرد دۆڕان و تووشی شکستی زۆر گەورە بوون. ئەوانەی خەڵکی بێتاوانیان بە زۆرەملە لە رێگەی پاسەکانەوە رادەستی تیرۆریستانیان دەکرد، ئەوانیش دۆڕان. گەلی سووریا لە رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمدا راپەڕین و رژێمی تاوانکار و ستەمکاریان دوای 61 ساڵ لەناوبرد و ئازاد بوون."
 
گوتیشی: "لەو رۆژە تاوەکو ئێستا 133 هاووڵاتیی سووریای میوانمان، خۆویستانە گەڕانەوە زێدی خۆیان. کۆی گشتیی نزیکەی 833 هەزار سووریایی تاوەکو ئێستا بە ویستی ئازادانەی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا. پشت بە خوای گەورە کاتێک ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بە تەواوەتی باڵ بەسەر سووریا دەکێشێت، ژمارەی ئەو سووریاییانەی دەگەڕێنەوە زیاتر دەبێت. دووپاتی دەکەمەوە کەس ناچار ناکەین بە زۆر بگەڕێتەوە، بۆ ئەوانەی بە نیازن بگەڕێنەوە کارئاسانییان بۆ دەکەین." 
 
غەززە، رووسیا و ئۆکراینا 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند، "هەمان شتمان بۆ خوشک و برا غەززەییەکان کرد، دوای 471 رۆژ لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی نامرۆڤانە و گوشاری بەردەوامی لۆبی ئیسرائیل، کەچی بوێرانە خاوەنداری فەلەستینیییەکان و غەززەییەکان کرد. سوپاس بۆ خوای گەورە لە ئەنجامدا تورکیا بووە یەکێک لەو وڵاتانەی لە تاقیکردنەوەی پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکان بە روو سووری دەرچووین. زۆر وڵات هەن، ئاوڕیان بۆ غەززە نەدا، کەچی تاوەکو ئێستاش نزای چاکەی غەززەییەکانمان پێدەگات."
 
"بە هەمان شێوە لە جەنگی رووسیا – ئۆکراینا هەڵوێستی ناوبژیکاری بوێرانەمان خستەڕوو. زۆربەی زۆری وڵاتان ئاگری جەنگیان خۆش دەکرد، کەچی ئێمە تاکە وڵات بووین بەیداخی ئاشتیمان بەرزکردەوە. ئەوانەی تا دوێنێ رەخنەیان لە تورکیا دەگرت، ئەمڕۆ سەرسامی خۆیان دەردەبڕن و رێز لە سیاسەتی هاوسەنگی حکومەتی تورکیا دەگرن. وڵاتانی دۆست و نەیار شایەتی هەڵمەت و هەڵوێستی مرۆییانە و جوامێرانەی دیپلۆماسییەتی تورکیا دەدەن."
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە "پیلانگێڕییەکانی رووداوەکانی گەزی پارک، کودەتا سەربازییەکەی شەوی 15ـی تەممووز هەرگیز لەیاد ناکەین کە ئامانجیان لەناوبردنی تورکیا بوو. بە ویژدانەوە پێویستە هەموو کەس باس لەوە بکات، سەرباری هەموو ناپاکیی، پیلانگێڕی، دژایەتیکردن، گوشارە یەک بەدوای یەکەکان و هێرشە بەردەوامەکان بەگرتنەبەری بڕیارە بوێر و رێوشوێنە هەستیارەکانمانەوە توانیمان بەسەر هەموو ئەم کێشانە زاڵ ببین. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانمان، لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن (فەتۆ) بوو. ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لەژێر هەموو پیلانگێڕییەکدا دەبینرا و دەستی لە هەموو رووداوەکاندا هەبوو."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو