رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە نوێترین پەیامیدا بۆ پەکەکە، رەتیدەکاتەوە قسە لەبارەی ئاگربەست بکەن. هۆشدارییش دەدات لە هەر "هەوڵێکی بەلاڕێدابردن، خراپ مامەڵەکردن و نیازخراپی."
ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاداری 2025 یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی وشکانی لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە پارێزگای بالکئەسیر بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
یاشار گولەر باسی لە پرسی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و رایگەیاند، گەیشتووینەتە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵات.
گولەر رایگەیاند، دوای 40 ساڵ لە شەڕ، پەکەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی بە شەڕ هیچ ئامانجێک بەدەستناهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت تەنیا پەکەکە "هەڵبوەشێتەوە"، بەڵکو "لە هەر شوێنێک و بە هەر ناوێکی دیکە کە خۆیان وا نیشان دەدەن سەربەخۆن، بەڵام لە راستیدا درێژەپێدراوی رێکخراوی تیرۆریستین، پێویستە بێ هیچ مەرج و پاساوێک خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان رادەست بکەن."
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە پرسی ئاگربەست کرد، کە پەکەکە رایگەیاندووە و، گوتی، "نابێت هەرگیز بابەتی (ئاگربەست) کە لە دەقەکەدا [دەقی پەیامی ئۆجەلان] نییە، باس بکرێت، چونکە بوونی نییە و ئێمەش قبووڵی ناکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گولەر ئەوەی خستەڕوو، "ئامانجی کۆتاییمان، هیوا و خواستی 85 ملیۆن هاووڵاتیمانە بە کۆتاییهێنانی تیرۆر... هەربۆیە هەر جۆرە هەوڵێکی بەلاڕێدابردن، خراپ مامەڵەکردن، نیازخراپی و کارکردن بۆ درێژکردنەوەی وادەی پرۆسەکە، قبووڵکراو نییە. دەبێت بە وریایی و هەڵسەنگاندنی دروست و رێکوپێک هەنگاوی بۆ بنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ