لە تورکیا لە ساڵی 2025 نزیکەی 200 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون

09-01-2026
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا، ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراو لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 82.3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 191 هەزار و 960 ئۆتۆمبێل. پشکی لە بازاڕدا 17.7% بووە.
 
بە گوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی دابەشکارانی ئۆتۆمبێل و گواستنەوە (ODMD)، فرۆشی ئۆتۆمبێل لە ماوەی کانوونی دووەم تاوەکو کانوونی یەکەمی 2025، بەراورد بە هەمان ماوەی 2024، بە رێژەی 10.62% زیادیکردووە و گەیشتووەتە ملیۆنێک و 84 هەزار و 496 ئۆتۆمبێل. فرۆشی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووکیش بە رێژەی 9.97% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 283 هەزار و 904 ئۆتۆمبێل.
 
لەو ماوەیەدا، لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی تورکیادا 509 هەزار و 217 ئۆتۆمبێلی بەنزین، 295 هەزار و 378 ئۆتۆمبێلی هایبرێد، 80 هەزار و 346 ئۆتۆمبێلی دیزڵ و 7 هەزار و 595 ئۆتۆمبێلی ئۆتۆگاز فرۆشراون. فرۆشی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەباییش 189 هەزار و 868 ئۆتۆمبێل بووە.
 
کاتێک ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەخرێنە سەر کە سیستمی "مەودای درێژکراوە"یان هەیە (واتە مۆلیدەیەکی بەنزین پاترییەکە شەحن دەکاتەوە و بزووێنەرە کارەباییەکە ئۆتۆمبێلەکە دەبات بەڕێوە)، ژمارەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە 2025دا بۆ 191 هەزار و 960 بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە 17.7%ی پشکی بازاڕ.
 
لە کانوونی دووەم- کانوونی یەکەمی 2025، فرۆشی ئۆتۆمبێلی بەنزین بە رێژەی 13.9% و هی دیزڵ بە رێژەی 16.3% دابەزیوە. لە هەمان ماوەدا، فرۆشی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆگاز بە رێژەی 27.6%، ئۆتۆمبێلی هایبرێد بە رێژەی 62.7% و ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی بە رێژەی 90.8% زیادیکردووە.
 
هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی دیزڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا جیهانییەکان بەردەوامن لە راگرتنی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی دیزڵ و بەم هۆیەشەوە ئۆتۆمبێلی نوێی دیزڵ ناخرێتە بازاڕەوە.
 
پشکی ئۆتۆمبێلی بەنزین لە کۆی فرۆشدا لە 60.3%ی ساڵی 2024ەوە بۆ 47% لە ساڵی 2025 دابەزیوە. لە هەمان ماوەدا، پشکی ئۆتۆمبێلی دیزڵ لە 9.8%ـەوە بۆ 7.4% کەمیکردووە و پشکی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆگازیش 0.7% بووە.
 
هاوکات، پشکی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی لە کۆی فرۆشدا لە 10.1%ەوە بۆ 17.5% و هی هایبرید لە 18.5%ەوە بۆ 27.2% بەرزبووەتەوە.
 
کاتێک ئۆتۆمبێلە تەواو کارەباییەکان، ئەوانەی مەودای درێژکراوەیان هەیە و هایبرێدەکان پێکەوە هەژمار دەکرێن، دەبینرێت کە 44.9%ی کۆی بازاڕ پێکدەهێنن و کۆی فرۆشیان گەیشتووەتە 487 هەزار و 338 ئۆتۆمبێل. بەمەش، لە هەر 10 ئۆتۆمبێلێکی فرۆشراو لە تورکیا، 4یان کارەبایی یان هایبرێد بوون.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا، 25 هەزار و 203 ئۆتۆمبێلی "تەواو کارەبایی" فرۆشراون، کە پشکیان لە بازاڕی ئەو مانگەدا 17.2% بووە. هەر لەو مانگەدا، 43 هەزار و 386 ئۆتۆمبێلی هایبرێد فرۆشراون و پشکیان لە بازاڕدا 29.7% بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی

دەم پارتی: کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی ئۆجەلان دەبێت

گوتەبیژی دەم پارتی رایگەیاند، خەڵک عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەر دەبینێت، هەر بۆیە مانەوەی ئەو لە زیندان کۆسپ بۆ پرۆسەی چارەسەریش دروست دەکات، داوا دەکات ئۆجەلانیش هاوشێوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ جەماوەری خۆیدا کۆببێتەوە.