رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، جەخت لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەنەوە و''دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکانی سووریا کۆتاییان پێبهێنرێن و سوپایەکی نیشتمانی پێکبهێنرێت.''
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ (شەممە، 8ـی شوباتی 2025) لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند، ''بەمەبەستی رەواندنەوەی ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانییانەی لەبارەی سووریا هەمانن، لەگەڵ حکومەتی نوێی وڵاتەکە لە هەموو جۆرە پەیوەندیێکداین.''
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد، سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن. گوتی ئەو سزایانە، رێگرن لە
بەردەم بووژانەوەی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە.
کورتوڵموش جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و دەڵێ، "دەبێت حکومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێت، کە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی ئەوێ لەخۆبگرێت."
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی سووریاشەوە رایگەیاند، ''دەبێت کۆتایی بە هەموویان بهێنرێت و سوپایەکی نیشتمانی پێکهێنرێت. ئەمە چاوەڕوانیی تورکیایە، هاوکات پێشنیازیشە بۆ سووریا''.
کورتوڵموش باسی لەوەش کرد، ''تورکیا وەک چۆن هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی لە گەلی سووریا کردووە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی. ئەمە وەک ئەرک و بەرپرسیاریێتیێکی نیشتمانی دەبینم''.
لە سەردەمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی نێوخۆی سووریا (2011 بۆ 2024) 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا چەندین سزای قورسی ئابوورییان بەسەر سووریادا سەپاند.
سووریا ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر کۆمەڵێک سزای قورسی وڵاتانی رۆژئاوایە، کە کاریگەرییان لە هەموو کەرت و خزمەتگوزارییەکی وڵاتەکە کردووە. زۆرترین سزاکان لەسەر هەریەک لە کەرتەکانی وزە، خزمەتگوزاری و فەرمانگە داراییەکان، سوپا، گواستنەوە و پەیوەندییەکانە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا. مانگی رابردووش، ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی کاتیی سووریا دەستنیشان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ