رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی "یەکێتیی نەتەوەیی"ی کورد لە خۆپێشاندانەکانی پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان لە سەرانسەری جیهان رایگەیاند، "پێویستە ئەم پەیامە لەلایەن ئەنقەرە و پایتەختەکانی دیکەوە بە دروستی هەڵبسەنگێندرێت. کورد هیچ کاتێک هۆکاری هەڕەشە نەبووە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنی شارۆچکەی ئێسەنیورتی ئیستەنبووڵی پارتەکەی بەشداری کرد. لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان، چارەسەریی دیموکراسییانەی پرسی کورد و پەیامەکانی یەکێتیی نەتەوەیی.
دۆغان، گوتی، "چاوی هەمووان لەسەر رۆژئاوایە؛ نەک تەنیا چاومان، بەڵکو بە ماندووبوون و تێکۆشانمانەوە لەوێین. چونکە رۆژئاڤا تەنیا پارچە خاکێک نییە، بەڵکو هیوایەکە. گەرەنتیی پێکەوەژیانی گەلانە و چیتر داهاتووی هەموومانە."
دۆغان، جەختی لەوە کردەوە کورد هەمیشە لایەنگری چارەسەریی دیموکراسیی بووە و رایگەیاند، ئەم داواکارییە تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ پێویستیی ئاشتی، ئازادی و یەکسانیی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
ئایشەگوڵ دۆغان، لەبارەی پێشهاتەکانی یەکێتیی نەتەوەیی کوردەوە گوتی، "لە هەموو شوێنێکەوە دەنگێک بەرز دەبێتەوە: 'یەکە، یەکە، گەلی کورد یەکە'. پێویستە ئەم پەیامە لەلایەن ئەنقەرە و پایتەختەکانی دیکەوە بە دروستی هەڵبسەنگێندرێت. کورد هیچ کاتێک هۆکاری هەڕەشە نەبووە. ئێمە هەین و هەمیشە هەر دەبین. دەڵێین با لە هەلومەرجی یەکساندا و بە دەستکەوتەکانمانەوە شانبەشانی یەکدی بین."
کۆنگرەکەی ئێسەنیورت، دوای پێشکێشکردنی گوتارەکان، بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی رێکخستنەکە بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ