رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، پارێزگەی سێوازی باکووری کوردستان، بەراورد بە تەواوی پارێزگەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان، زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کەمیکردووە.
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی تورکیا (تویک)، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگەی سێوازی باکووری کوردستان لە ساڵی 2024، بە 637 هەزار و حەوت کەس تۆمارکراوە؛ بەراورد بە پێرار، ژمارەی دانیشتووانی 13 هەزار و 394 کەس کەمی کردووە.
لە دوای سێواز، پارێزگەی ئاگریی باکووری کوردستان، بە کەمبوونەوەی 11 هەزار و 437 کەس لە پلەی دووەم و سێرتی باکووری کوردستان بە کەمبوونەوەی 10 هەزار و 959 کەس، لە پلەی سێیەمدا دێن.
بەگوێرەی ئاماری تویک، پارێزگەی بایبورتی تورکیا بە 83 و 676 کەس، لە تورکیا و باکووری کوردستان، کەمترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە، لەدوای بایبورت، پارێزگەی ئەردەخانی باکووری کوردستان، بە 86 هەزار و 612 کەس، خاوەنی کەمترین ژمارەی دانیشتووانە.
هەر بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ئیستەنبووڵ پار 45 هەزار و 678 کەس زیادیکردووە بەراورد بە پێرار و ژمارەی دانیشتووانی گەیشتە 15 ملیۆن و 701 هەزار و 602 کەس.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، بڵاویکردەوە، پار ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان، گەیشتووەتە 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەس. لەو ژمارەیە 42 ملیۆن و 853 هەزار و 110 کەسیان لە رەگەزی نێرن و 42 ملیۆن و 811 هەزار و 834 کەسیشیان لە رەگەزی مێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ