رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین هەڵوێستی دا دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەک دانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەیان، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و هاوبەشەکانی بەبێ پێشمەرج چەکەکانیان دابنێن و رادەستی تورکیا بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ناوەندی راگەیاندنی مەهەپە لە هەژماری فەرمییان لە تۆڕی ئێکس، راگەیێندراوێکی نووسراویان بەناوی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەیان بڵاوکردەوە. راگەیێندراوەکە بە ناونیشانی "تورکیای بێ تیرۆر" بوو.
دەوڵەت باخچەلی لە راگەیێندراوەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، رایگەیاندووە، پرۆسەکە بۆ ئاشتییەکی مێژووییە لەسەر ئەم جوگرافیایە و موژدەبەخشی ئومێدە، هەروەها ئاشتی و گیانی برایەتییە.
دەوڵەت باخچەلی رایگەیاندووە، "دوای دەیان ساڵ لە نەهامەتی و خوێنڕشتن، کاتی کۆتایی پێهێنانی هاتووە".
سەرۆکی مەهەپە پەیامێکی راستەوخۆ ئاراستەی پەکەکە دەکات و تێیدا رایگەیاند: "دەبێ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و لق و پۆپەکانی دەستبەجێ و بەبێ پێشمەرج چەکەکانیان دابنێن و تەنانەت چەکە خوێناوییەکانیان رادەستی کۆماری تورکیا بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەسبەجێ بێتەدی و تیرۆر لە ژیانماندا ریشەکێش بکەین. بە پێچەوانەوە دەبێ باجی هەڵگرتنی چەکە نایاساییەکانیان بە قورسترین شێوە بدەن".
لە کۆتایی پەیامەکەدا، باخچەلی رایگەیاندووە: "رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و هەموو لق و پۆپەکانی پێویستە پابەندی بانگەوازی ئیمراڵی بن کە لە 27ی شوباتی 2025 رایگەیاند".
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە ئاراستەی پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.
شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بە شاندی دەم پارتیدا ناردە دەرەوەی زیندان و ئەوانیش لە 27ـی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە. ئۆجەلان داوای کرد، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ