رووداو - هەولێر
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربەی وڵاتانی دەرگاکانی وشکانی و ئاسمانییان داخست و پەیوەندییەکانیان کەمکردەوە. تورکیا 23ی شوباتی 2020 لەگەڵ ئێران و 29ی شوباتی 2020یش لەگەڵ دەروازەی سنووریی هەرێمی کوردستان داخست. ژمارەیەکی زۆر لەو قوتابییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆر لەو وڵاتەدابوون، رێگەی گەڕانەوەیان بەسەردا داخرا.
بەشێک لەو قوتابیانە هەوڵی زۆریاندا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و چەند رێگەیەکیان گرتەبەر، بەڵام سەرەتا وەڵامیان نەدرایەوە.
دوای ئەوەی دۆخەکە لە تورکیا بەرەو سەختیی زیاتر رۆیشت و رۆژانە زیاتر لە 100 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیانلەدەستدەدا، ویستی گەڕانەوەی قوتابیان زیاتر بوو. دواجار رۆژی 6ی ئایاری 2020 دوو فڕۆکە ژمارەیەک لە قوتابی و هاووڵاتیانیان گەڕاندەوە کە فڕۆکەیەکیان لە ئەنقەرەوە و ئەوەی دیکەشیان لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو هەولێر فڕین.
لەمبارەیەوە رێبوار مارف، نوێنەری قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"نوێنەرایەتییەکانی عێراق لە تورکیا کارئاسانی بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە ناکەن. سەرەڕای ئەوەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتییەکان دەکەن و داوای نووسراویان لێدەکەن بۆ ئەوەی بگەڕینەوە، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە و پشتگوێ دەخرێن".
رێبوار مارف هەروەها رایگەیاند: "ئەمە وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لەو قوتابیانە تووشی کێشەی دارایی ببن. کەسانێکی خێرخواز هاوکاریی بەشێک لەو قوتابیانەیان کرد کە نەیاندەتوانی بلیتی فڕۆکە بکڕن. لەم بابەتەدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکار بوو، بەتایبەتی لە فەراهەمکردنی ئەو دوو گەشتە بۆ هەولێر".
نوێنەری قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد بەهۆی بوونی قەدەخەی هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی تورکیاش، بەشێک لە قوتابیانی هەرێمی کوردستان گیریان خواردووە و مۆڵەتیشیان لە پارێزگا بۆ وەرناگیرێت. هاوکات گوتی: "لە دوایین قۆناخدا مۆڵەتمان بۆ 50 قوتابی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەڕێی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مۆڵەتانەش درەنگ دەدرێن و ماوەی زۆریان پێدەچێت. ژمارەیەک لە قوتابیان دەگەنە سەر سنوور بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بڕیاری مۆڵەتەکانیان ناچارن ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدابن.
بە گشتی تاوەکو ئێستا 1600 قوتابی لەڕێگەی فڕۆکەخانە و وشکانییەوە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان. بەشێک لە قوتابیانی سنووری کەرکووک و موسڵیش دەگەڕێنەوە هەولێر و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانیان دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ