رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا پێی وایە چەک دانانی پەکەکە بەس نییە، بەڵکو پێویستە کۆتایی بە سەرجەم "چالاکییە نایاساییەکان"ی بهێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "چاوەڕێی وەڵامی ئەرێنین."
شەوی 9ی ئایاری 2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا میوانی بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی تورکیا بوو، لە بەشێکیدا هەڵسەنگاندنی بۆ 12یەمین کۆنگرەی پەکەکە کرد، کە رۆژانی 5 - 7ی ئەم مانگە بەڕێوەچووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە وەڵامی بانگەوازە مێژووییەکەی بەڕێز باخچەلی و ویستە گشتگیر و بەهێزەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی دایەوە و زیاتر لە دوو هەفتە سەرقاڵی کۆبوونەوەی جۆراوجۆر بوون.
هاکان فیدان گوتی، پەکەکە لە کۆنگرەکەی بەردەوامە، هەربۆیە ئەنجامەکەیان رانەگەیاندووە و "چاوەڕێی ئەنجامەکەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، "فراوانبوونی بازنەی دیموکراسی و ئازادییەکان، تۆکمەبوونی برایەتی و تەبایی، پێدانی دەرفەتی زیاتر بە هاووڵاتییان بەوەی لە رێگەی سیاسەتەوە پرسەکانیان بگەیێنن، نەبوونی جیاکاری وایکرد ژێرخانی تیرۆر لە تورکیا سست و لاواز بێت."
هاکان فیدان گوتی، "لە وڵاتانی دراوسێماندا بەهۆی کەموکوڕی لە دیموکراسی، نەبوونی سەقامگیری، نەبوونی ئەو ژێرخانەی کە لە تورکیا بەدی دەکرێت، رێکخراو (پەکەکە) دەتوانێت شوێن پێی خۆی بکاتەوە. دۆخی رێکخراو (پەکەکە) لەنێو تورکیا لە دۆخی لە وڵاتێکی دیکە زۆر جیاوازە کە لەوێ خۆی بە شێوەیەکی دیکە دەنوێنێت و پێگەی خۆی بەهێز دەکات. پێویستە کۆتایی بەم دوو بانە بهێنێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فیدان باسی لەوە کرد، "چاوەڕوانییەکانمان ئەوەن وەڵامێکی ئەرێنیمان پێ بدەن. سەرباری هەموو ئەنجامێک، ئێمە درێژە بە کاروانی دیموکراسی و خەباتی نیشتمانیمان دەدەین. ئەگەر وەڵامیان ئەرێنی بوو، بۆ ئێمە فاکتەرێکی زۆر گرنگ دەبێت."
سەبارەت بە جیاوازی نێوان پرۆسەی یەکەم و پرۆسەی ئێستا، هاکان فیدان رایگەیاند، "دۆخەکە و ژێرخانەکەش جیاوازن. توانای ئەو کاتی تورکیا لە رووی ئامادەیی فرە رەهەندی و ژێرخانی تەکنۆلۆژی و هەواڵگری و توانای ئۆپەراسیۆنەکانی سنووردار بوو. ئەوە جگە لەوەی ئێستا لە رووی وەبەرهێنانەوە تورکیا زۆر پێشکەوتووە و هیچ جیاوازییەک لەنێوان ناوچەکان ناکات و بە یەکسانی وەبەرهێنان لە هەموو شوێن و ناوچەیەک دەکات. هەموو ئەم شتانە وایکردووە دەستی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا بەهێزتر بێت".
هاکان فیدان راشیگەیاند، "ئەم دۆخە بەهێزەی ئێستای دەوڵەت، کارئاسانیش بۆ بڕیاری (هەڵوەشاندنەوە) رێکخراوەکەش دەکات. ئۆجەلانیش لە دوورگەکەدا بانگەوازەکەی هەر لەسەر ئەم بنەمایە بوو، تێگەیشت کە لەم هەلومەرجەدا دەکرێت کۆنگرە ببەسترێت، چەک دابنێن، کۆتایی بە کاری نایاسایی بێنن و زەوینە بۆ چالاکی یاسایی خۆش بکەن. ئەمەش پەیامێکی گرنگی بەدواوەیە بەوەی کۆتایی بە هەموو جۆرە چالاکییەکی نایاسایی بهێندرێ و لەمەودوا هەوڵ بدەن رووبکەنە سیاسەتی مەدەنی."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتووی جەنگییەوە چیدیکە پەکەکە ناتوانیت بە گرووپی 300-400 گەریلایی هاتووچۆ بکات و گوتی، "ناچاربوون شێوازی رێکخستنی شانەی نهێنی لەنێو شارەکاندا بگرنەبەر. خۆیان حەشار بدەن و زۆر بە نهێنی کاربکەن و چەکدارەکانیشیان لە حەشارگەکانیان نەچنە دەرەوە تا ئەو کاتەی فەرمانی کردەوەیان پێ دەدرێت. واتە لێرەدا بەستنی کۆنگرە، خۆهەڵوەشاندنەوە، دانانی چەک بەس نییە، بگرە پێویستە ئەو شانە نهێنییەی نێو شارەکانیش هەڵبوەشێننەوە و کۆتاییان پێ بهێندرێ. هەموو چالاکییەکیان دیموکراسییانە، شەفافانە لە چوارچێوەی یاسا مەدەنییەکان بێت و خۆیان لەسەرووی یاسا نەبینن و خۆیان لەگەڵ مۆدێلی کاری سیاسی و رێکخراوەیی یاسایی بگونجێنن."
لەبارەی دۆخی نێوخۆیی پەکەکە، هاکان فیدان رایگەیاند، هەرچەندە بەستنی کۆنگرە و بڕیاردان بۆ رێکخراو (پەکەکە) کارێکی ئاسان نییە، لەنێوخۆیاندا باڵی جیاوازیان هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەڵامی بانگەوازی رێبەرەکەیان بدەنەوە و گوتی: "ئێمەش لە چاوەڕوانییەکی ئەرێنیداین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆتایی ژیان نییە. ئەگەر بکرێت ئیدی گەنجە بێتاوانەکان لە شاخەکاندا چیدی نابنە قوربانی و هەڕەشەی سەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی کۆتایی دێت و هاوسەنگی نوێی هەرێمی و نێودەوڵەتیش پێک دێت. ئەو بابەتە کاریگەری ئەرێنی لەسەر عێراق و سووریاش دەبێت. وەبەرهێنانی زیاتر روو لەو ناوچانە دەکات و ئێستا لە عێراق سەرقاڵی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانن. لە سووریاش سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە و دۆخی ئەوانیش بەرەو باشتر دەچێت. چیدیکە دۆخی پێکدادان و شەڕ نامێنێت، بەپێچەوانەوە گەشەپێدان، ئارامی، خۆشگوزەرانی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت."
فیدان گوتیشی، پەکەکە بەدەر لەو ئامانجەی بۆی دامەزرابوو، خزمەتی ئەجیندای بیانی دەکرد و کاری بەوەکالەتی بۆ چەند وڵاتێک دەکرد و رایگەیاند: "پێم وایە بەشێکی زۆر ئەو کەسانەی لەناو رێکخراوەکەدان لەم دۆخە ناڕازین. هەندێک وڵات هەن کێبڕکێی تورکیا دەکەن لە زۆر بواردا و بەشێکیان نەیاری تورکیان. ئەوان دژی ئەم دۆخەن و پێیانوایە تورکیا لە دوای ئەم قۆناخە بەهێزتر دەبێت و ئەمەش زیانیان پێدەگەیێنێت. ئەم وڵاتانە دەخوازن دۆخەکە لە تورکیا نائارام بێت و تورکیا پاشبکەوێت."
سەبارەت بە هەسەدە و پێگەی رابردوو و ئێستای لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هاکان فیدان رایگەیاند، "پێداگرین لەوەی نابێت رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار لە سووریای نوێ هەبێت. رەنگدانەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر پێکهاتەکانیان لە عێراق و سووریا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین. هەڵسەنگاندنمان بۆ هەموو دۆخێک و هەموو جۆرە سیناریۆیەک کردووە و پلان و بەرنامەمان بۆ سیناریۆ جێگرەوەکانیش هەیە. بەردەوام هەواڵگری، وەزارەتەکانی ناوخۆ، دەرەوە و بەرگری، سەرۆکایەتیی کۆمار لە کۆبوونەوەداین و ئاگاداری ورد و درشتی هەموو پێشهاتەکانین."
هەر لەبارەی پەکەکە، هاکان فیدان گوتی، "پەکەکە نەیتوانیوە یەک مەتر دووجا خاکی تورکیا داگیر بکات، بەڵام لە عێراق جگە لە قەندیل لە شنگالیش خاکی داگیرکردووە. بەهەمان شێوە لە سووریا خاکی زۆری داگیرکردووە. سەرەتا پەکەکە کێشەی ئێمە بوو، ئێستا کێشەی عێراق و سووریاشە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "عێراقیش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی پەکەکە بۆ ئەوانیش کێشەیە. ئەوان لە بەغدا وڵات بەڕێوەدەبەن، بەڵام دەسەڵاتیان لە شنگال و بەشێکی مەخموور و چەند ناوچەی دیکەش نییە. هەروەها سەرووی 700 گوندی کوردیان داگیر کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ