رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "پێموایە ئەو پرۆسەیەی لە حەلەب دەستیپێکردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت، پێکهاتە هاوتەریبەکەی ئەوێش لەنێودەچێت و یەک دەوڵەت دەست بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی خۆی دەکات. ئەوەی پێویستە رووبدات هەر ئەمەیە."
شەوی رابردوو 9ی کانوونی دووەمی 2026 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداریی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنی کرد، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی رۆژەڤی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دایەوە.
لەبارەی هەسەدەوە، فیدان رایگەیاند، "دیپلۆماسی بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە و دروستکردنی رای گشتی لە جیهاندا بەکاردەهێنن. ئەم جۆرە سیاسەتە هیچ ئەنجامێکی نابێت و ناگاتە هیچ شوێنێک. کاری پێویست ئەوەیە لەگەڵ خەڵکی رەسەنی ناوچەکە و لە چوارچێوەی چارەسەری راستەقینەدا بمێننەوە. هەسەدە ئەکتەرێکە دەڵێت، 'لەگەڵ دیالۆگداین' و لەڕاستیدا پێچەوانەکەی دەکات. تەنیا کاتێک هەڵوێست دەگۆڕێت کە هێزی بەرامبەر بەکاربهێندرێت. هیچ مانایەکی نییە وەکو وشترمرخ سەرت بخەیتە ناو خۆڵەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، "هەر لە سەرەتاوە ئەمە دەڵێین: یەکە پەیوەندیدارەکانمان، هەواڵگریمان، دیپلۆماتکارانمان، سەربازەکانمان ئەم بابەتە لەگەڵ هاوتاکانیان باس دەکەن. بە هەسەدەی دەگەیێنن، بە سوورییەکانی دەگەیێنن، بەڵام بەداخەوە لێرەدا وەکو لە سەرەتاشەوە پێشبینیمان کردبوو، گۆڕانکارییەک رووینەدا و بەداخەوە ئێستا دەستمان کردووە بەو پرۆسەیەی لە حەلەبەوە دەستیپێکردووە. پێموایە لێرەدا پرۆسەکە ئیشاڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت و پێکهاتە هاوتەریبەکەی ئەوێش لەنێودەچێت، ئەو ساتە دێت کە لە حەلەب یەک دەوڵەت لە رێگەی یەک دامەزراوەی دەوڵەتییەوە دەست بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هەموو هاووڵاتییانی دەکات. ئەوەی پێویستە رووبدات هەر ئەمەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، "وێنەیەک هەیە کە وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت، وێنەیەکیش هەیە کە ئەمریکا دەیەوێت، وێنەی ئەمانە نزیکن لە یەکدییەوە. تەنیا ئیسرائیل لێرەدا جیاواز بیردەکاتەوە. ئیسرائیل ئێستا لە دۆخی بوونەوەرێکدایە کە بە تاکتیکی 'دابەشی بکە، پارچەی بکە، حوکمی بکە' ئاسایشی خۆی دابین دەکات و لەسەر خوێن دەژی. پێویستە هەسەدە دەستبەرداری ئەم چوارچێوەیەی ئەوان ببێت، ئەگەر دەیەوێت بەهایەکی راستەقینە بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکی ئەم خاکە."
فیدان، لە کۆتایی قسەکانیدا هەر لەبارەی هەسەدە گوتی، "پێویستە دەستبەرداری دژایەتیکردنی بەهاکانی ناوچەکە ببن و خۆیان لەگەڵ راستییەکانی بگونجێنن. پێویستە بیرۆکەی جیۆستراتیژی وەلابنێن و بەڕاستی بیریان لە داهاتووی کورد و بەرژەوەندییەکانیان بێت. پێویستە لە چوارچێوەی چارەسەری شایستە، راستەقینە و لەسەر بنەمای ئاشتیدا بمێننەوە و چیدی دووژمنایەتیی گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتەکانی نەکەن. پێویستە واز لەوە بهێنن کە بزووتنەوەیەکی لەخۆبایی و ناژیرانە بن. راستییەکان تێکیان دەشکێنن و پاڵیان پێوەدەنێن. لە مێژوودا هەزار جار بینراوە؛ پێویست بە چەشتنی ئەم کارەساتە ناکات، لێرەوە ئامۆژگارییان دەکەین. با لەم هێڵە دەربچن و لە رێگەی دیالۆگەوە بێنە ئەو شوێنەی کە پێویستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ