رووداو دیجیتاڵ
لە دوو کاژێردا، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 4.8 و 5.1 پلەی رێختەر، لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئیجە لەنێوان تورکیا و یۆنان تۆمارکران. دەزگای ئافاد دەڵێت لە 48 کاژێردا 600 بوومەلەرزە و پاشلەرزە روویانداوە.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 22:05 خولەکی شەوی رابردوو (9ـی شوبات) و کاژێر 02:19 بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕەکانی 4.8 و 5.1 پلەی رێختەر، لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی نزیک پارێزگای موغڵای تورکیا و دوورگەکانی ئەرمۆپۆلی و کاریستۆس لە سنوورە ئاوییەکانی ئەسینا روویاندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکان بە قووڵایی 7.0 بۆ 7.11 کم تۆمارکرا.
ئافاد دەشڵێت، لە 48 کاژێری رابردوودا دەریای ئیجە لە رووی بوومەلەرزەکانەوە زۆر ناسەقامگیرە و تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 600 بوومەلەرزە و پاشلەرزە بە پلەکانی 3.9 تاوەکو 5.1 روویانداوە.
بوومەلەرزە و پاشلەرزەکان لە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لەنێوان پارێزگەکانی چاناکالە، ئیزمیر، ئایدن و موغڵا تۆمارکراون. هەمان کاریگەرییان لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنانیش تۆمارکردووە.
ئەم بوومەلەرزانە لەکاتێکدان 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتیی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکانەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە و پاشلەرزەکانی دواتری، گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە بریندار بوون.
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ