رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، 4-5 ساڵ لەمەوبەر هەوڵی کوشتنی دراوە، زەڕنیخی قورس و جیوەی پێدراوە و ژەهراوی کراوە.
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تورکیادا کە شەوی 9-5-2025 پەخش کرا، هاکان فیدان ئاماژەی بە بوونی گوشار و هەڵمەتێکی پروپاگەندە لەسەر کردەوە و گوتی پێشتر ژەهرخوارد کراوە و هەوڵی کوشتنیشی دراوە.
هاکان فیدان دواتر لە وەڵامی پرسیاری پێشکێشکارەکە جەختیکردەوە کە پێشتر باسی ئەو ژەهرخواردکرانەی نەکردووە و گوتی: "زەرنیخی قورس و جیوەم پێدرابوو. ئەمە ماوەی 4-5 ساڵ لەمەوبەر لە شوێنێکدا روویدا و دواتریش لە پشکنین دەرچوو".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری پێویستی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دۆخی ئاسایی ببێتەوە. هەروەها لەبارەی ئەوەی کە کێ کارێکی وەهای کردووە، هاکان فیدان گوتی: "با نەڕۆینە وردەکاریی ئەم بابەتەوە، ئەمانە چەند بابەتێکی دەرەوەن، دوژمن تەنیا لە نێوخۆ نییە و لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام ئەمە لە هیچ هەنگاوێکمان ساردمان ناکاتەوە".
هاکان فیدان هەروەها جەختیکردەوەم جگە لە کوشتنی فیزیکی، بەردەوام هەوڵی کوشتنی کەسایەتیش هەبووە و گوتی: "چەند جارێک بۆ سەرۆککۆمارمان هاتن و هەمان مەبەستیان هەبوو. ئێمەش کە لەسەر رێبازی ئەو دەڕۆین، هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی رووبەڕووی ئەو دۆخانە دەبینەوە. رێسای کارەکە ئەمەیە".
فیدان بەراوردی پەکەکە و گولەنییەکان دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر پێداگریی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتی گولەنییەکان کردەوە و گوتی: "لەکاتێکدا تەنانەت پەکەکەش لە دۆخێکدایە کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و واز لە دژایەتیکردنی ئەم وڵاتە دەهێنێت، فەتۆ هێشتا لەم بابەتەدا وەکو دوژمنێکی سوێندخواردووی ئەم وڵاتە هەڵسوکەوت دەکات".
ئەگەرچی فیدان راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە کێ ژەهرخواردی کردووە، بەڵام رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و گوتی: "ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی خۆم لەکاتێکدا کە هیچ بابەتێک نادۆزێتەوە بۆ ئەوەی رەخنەی لێ بگرێت، لەڕێی ئەو ئەرگیومێنتانەی فەتۆ بەرهەمی هێناون، هەوڵی کوشتنی کەسایەتی دەدەن. ئەمە نیشانەی نەبوونی توانای سیاسەت و نەبوونی دیدگەی سیاسییە".
هاکان فیدان کێیە؟
- 1968 لە ئەنقەرە لەدایکبووە
- 1986 قوتابخانەی هێزی وشکانیی تەواوکردووە
- خێزاندارە
- بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ماریڵاندی ئەمریکی تەواوکردووە
-ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بیلکەنت لە ئەنقەرە تەواوکردووە
- 2001 کرایە راوێژکاری سیاسی و ئابووری لە باڵوێزخانەی ئوسترالیا لە ئەنقەرە
- 2003 کرایە سەرۆکی ئاژانسی هاوئاهەنگیی تورک TIKA
- 2007 کرایە یاریدەدەری راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی تورکیا
- 2010 کرایە یاریدەدەری راوێژکاری هەواڵگریی نیشتمانیMIT
- 13ـی ئەیلولی 2011 بە ناوی دەوڵەت، لە ئۆسڵۆ لەگەڵ دوو گەورە بەرپرسی پەکەکە (سابری ئۆک و مستەفا کاراسو) کۆبووەوە
- 10ـی ئاداری 2015 سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی میت
- سێی حوزەیرانی 2023 کرایە وەزیری دەرەوەی تورکیا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ