رووداو دیجیتاڵ
لەڕێگەی چاویلکەیەکەوە بەرهەمی شیری مانگا لە تورکیا زیاتر دەکرێت، کامێرای جۆری (VR) دیمەنێکی ناوازە و جیاواز بەدەنگی باڵندەی جۆراوجۆر دەخاتە گوێی مانگاکانەوە، ئەوەش بەرهەمی شیریان زیاتر دەکات.
لە پارێزگای ئاکسەرای تورکیا. کامێرای جۆری (VR) هەم دیمەنێکی ناوازە و هەمیش دەنگی باڵندەی جۆراوجۆر دەخاتە گوێی مانگاکان. جگە لەوەش بە مەبەستی باشترکردنی بەرهەمی مانگاکان، میوزیکی کلاسیک بەکاردەهێنرێت. لە چاوی ئەو مانگایەی چاویلکەکەی بۆ دانراوە، تەواوی ئەو لەوەڕگەیەی کە دەیبینێت سەوزاییە، وەک بڵێی نەوبەهارە!
عیززەت کۆچاک، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "ئەم چاویلکە دیمەنییەم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی رووسیا بینی. سەرنجی راکێشام، ساڵی رابردوو بیرم لەوە کردەوە کە ئاخۆ تاقی بکەمەوە سەرکەوتوو دەبێت؟ ئەوەبوو دەستم بە لێکۆڵینەوە کرد. لەسەر دوو ئاژەڵ چاویلەکەکەم تاقیکردەوە. لەگەڵ چاویلکەکە میوزیکی کلاسیکیمان بە گوێی مانگاکاندا، وەکو بیتهۆڤن و مۆزارد".
عیززەت کۆچاک، باس لەوەش دەکات، "بەپێی تاقیکردنەوە و بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوتووە ئەو مانگایانەی چاویلکەی (VR)یان بۆ بەکارهێنراوە، بەرهەمدارترن. هەربۆیە بڕیارمانداوە لە وەرزی داهاتوودا چاویلکەکە بۆ تەواوی مانگاکان بەکاربهێنین."
ئەو ئاژەڵدارە، کە تاقیکردنەوەکەی لەسەر مانگاکانی ئەنجامداوە ئاماژە بەوەش دەکات، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دۆشین، چاویلکەکان دەکەینە چاویان. ئەو کاتە ئاژەڵەکە ئۆکسیتۆسین دەڕژێنێت کە هۆرمۆنی دڵخۆشییە. هەست بە دڵخۆشی دەکەن، هەر بۆیە سترێسیان نامینێت. بە نەمانی سترێس هەم بەرهەمی شیر و هەمیش کوالێتیی شیرەکە زیاد دەبێت."
عیزەت کۆچاک کە پیشەی ئاژەڵدارییان لە باپیرەیەوە بۆ ماوەتەوە ئەوەشی خستەڕوو، هەمیشە بەدوای نوێکارییەوەیە و هەر کارێکیش دەکات بۆ ئەوەیە بتوانێت خزمەتی زیاتری ئاژەڵەکانی بکات، بۆ ئەوەی کوالێتیی بەرهەمیان باشتر و زیاتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ