رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگە لەبارەی سزادانی هاوسەرۆکی شارەوانیی وان رەتدەکەنەوە و گوتی "بڕیاری دادگە بە نەبوو هەژماری دەکەین و قبووڵی ناکەین."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025) لە دووەم رۆژی چالاکییەکانی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، سەبارەت بە سزای سێ ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بەتووندی سەرکۆنەی دەسەڵاتی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەدا، دادگە وەک داردەستی سزادانی کورد بەکاردەهێنن و، "ئەم سزایە بە لای ئێمە و خەڵک بە نەبوو هەژمار دەکرێ."
بە گوتەی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی دادگە کراون، لەبەرژەوەندیی عەبدوڵڵا زەیدان بووە، "بەڵام دادگە پێچەوانەی ئەمە بڕیاریداوە"، بڕیارەکەشی بە "سیاسی" ناوبرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "ئەم جۆرە رەفتارانە رێگە خۆش دەکەن بۆ نانەوەی کێشەی دیکە. دوێنێش قبووڵمان نەکرد، رۆژی 31ـی ئاداریش [لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان] بەرەنگاریان بووینەوە و ئێستاش پێکەوە بەرەنگاریان دەبینەوە."
کاژێر 09:00ـی رۆژی 11ـی شوباتی 2025 دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد کە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی بە مەبەستی رێکخراوی تیرۆریستی" و، "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکان دا" درابووە دادگە.
عەبدوڵڵا زەیدان ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە نەبوو. محەممەد ئەمین ئەکتاری، پارێزەری زەیدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی یارمەتیدانی رێکخراو، سزای سێ ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ـدا سەپاند".
ئاکتار دەڵێ، لەبەرئەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە چوارچێوەی هەمان بڕیاردا، کە لەلایەن دادگەی باڵاوە هەڵوەشێنرابووەوە، 5 ساڵ و دوو مانگ لە زینداندا مابووەوە، جارێکی دیکە ناچێتەوە زیندان.
ئاکتار سەبارەت بە ئەگەری دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان گوتی، "کردەوەیەکی یاسایی نییە و بەپێی یاسا ناتوانن قەییوم بۆ گەورەشارەوانی وان دابنێن، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارێکی سیاسییە، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێم."
عەبدوڵڵا زەیدان رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2015 لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان، کە بە شەڕی "خەندەق" ناسرابوو، چووە بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ.
ئامانج لەم چالاکییەی هەدەپە بۆ ئەوە بوو خۆیان بکەنە قەڵخان لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، بەڵام بە تۆمەتی "پێشێلکردنی ناوچە قەدەخەکراوە ئەمنییەکان و رێگریی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر"، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان لە رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025 و دووەمین دانیشتنی دادگەییکردنەکە لە رۆژی 30ـی هەمان مانگ لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زەیدان لەهەردوو دانیشتنەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە، دادبینییەکە دواخرا.
رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2025، داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد، دوو تۆمەتنامەکەی لە دژی عەبدوڵڵا زەیدان، بە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکاندا، پێشکێشی دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد کرد. پێنجەمین دادگەی ئامەد، رۆژی 7ـی مانگ تۆمەتنامەکەی پەسند کرد و بانگهێشتنامەی ئاراستەی عەبدوڵڵا زێدان کرد.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ ( 55.48٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ