رووداو دیجیتاڵ
رەشنووسی ئەو راپۆرتەی لەلایەن کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری ئامادەکراوە، رادەستی بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنەکان کرا، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان ئاماژە بە مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە.
دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، گرنگترین پرس کە رای گشتی چاوەڕێی دەکرد، ئەوە بوو ئایا "مافی هیوا" عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام لە رەشنووسی راپۆرتە هاوبەشەکەدا هیچ شتێک سەبارەت بە پێدانی ئەو مافە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەگوتراوە.
دوای بانگەوازەکەی ساڵی رابردووی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان، لەو رەشنووسەی لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە کراوە، پێشنیازی کۆمەڵێک رێکاری یاسایی کراوە بۆ هاندانی پەکەکە بۆ چەکدانان.
بۆ چەسپاندنی زەمینەی یاسایی لە پرۆسەی چارەسەری کە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوبات بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەستی پێکرد، یەکەم هەنگاوی کۆنکرێتی نرا. نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رەشنووسی راپۆرتەکەی بۆ بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنەکان نارد.
یەکێک لەو تەوەرانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر بوو، پرسی گونجاندنی یاسای "مافی هیوا" بوو بۆ ئەوەی ئۆجەلانیش بگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "تورکیا"، لە رەشنووسی راپۆرتەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە.
پێشنیازەکان بۆ هاندانی چەکدانان
لە راپۆرتەکەدا چەند راسپاردەیەک بۆ پەکەکە خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی چەک دابنێن.
لەم چوارچێوەیەدا، پێشنیازی دروستکردنی زەمینەیەکی یاسایی بۆ چەکدانانی تەواوەتی، روونکردنەوەی دۆخی یاسایی ئەو ئەندامانەی رێکخراوەکە کە چەک دادەنێن و هەنگاونان بۆ تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی هاندانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کراوە.
جەختکردنەوە لە گۆڕانکاریی یاسایی و دیموکراسیبوون
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا بنرێت.
هەروەها جەخت لەسەر چاکسازی لە یاسای پارتە سیاسییەکان و یاسای هەڵبژاردندا کراوەتەوە. باس لەوەش کراوە کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دانانی قەییومەکان کراوە.
جگە لەمانە، پێشنیاز کراوە بۆ رەخساندنی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ گەڕانەوە، گۆڕانکاری لە یاسای سزای تورکیا، یاسای جێبەجێکردنی سزاکان و یاسای دژەتیرۆردا بکرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە پێویستە هەنگاوی کارگێڕی بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە کارکردنی لیژنەکانی چاودێریی زیندانەکان.
باخچەلی بانگەوازی بۆ "مافی هیوا" کردبوو
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی دا لە 3ی شوبات گوتبووی: "بڕیارمان روونە تاوەکو ئەنادۆڵ ئارام دەبێتەوە، ئۆجەلان دەگاتە هیوا و دەمیرتاش دەگەڕێتەوە ماڵەکەی." کاتێکیش سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت لەمبارەیەوە پرسیاری لێکرا، گوتی: " لێرە بەدواوە ئەرکی حکومەتە."
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، 4ی شوبات رایگەیاندبوو: "لەسەر مافی هیوا رێککەوتووین و هیچ کێشەیەک نییە." یڵدز روونی کردبووەوە کە پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای سزاکان و یاسای تیرۆردا بکرێت، چونکە ئێستا بۆ ئەوانەی سزای زیندانیی هەتاهەتاییی قورسکراویان هەیە، ئازادکردنی مەرجدار قەدەخەیە.
مافی هیوا چییە؟
هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
هەرچەندە "مافی هیوا" لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە جێبەجێدەکرێت و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت هەموو زیندانییەک لە دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێت.
واتە بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت پێویستە 2036 ئازاد بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ