رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ لێبووردنی گشتیی ئەندامان و بەرپرسانی پەکەکە و هەمواری دەستووری تورکیا نییە. گوتیشی، ''تورکیا بۆ ئەوەی لە بەرامبەر رای گشتیدا تووشی گرفت نەبێت، ناچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەنگاو بنێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025، محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵەتنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی، رایگەیاند، ''لەدوای ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن پەکەکە و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە نراون، بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی تورکیا.''
محەممەد کاماج گوتی، ''پێویستە پەرلەمان رۆڵی خۆی بۆ چارەسەریی پرسی کورد بە شێوەی بنەڕەتی ببینێت، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی، بەو واتایە نییە کە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر کراوە.''
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، چەک دادەنێت و "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: ''ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتی تورکیادایە، پێویستە لە پەرلەمانیش هەنگاوی جدی بنرێت، چونکە هێشتا پرسی گەورەی وەکو زمان، کولتوور و مێژووی کورد بەدەوامن.''
بەشێک لە سیاسەتڤانان پێیان وایە بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە یاسای تیرۆر لە تورکیا هەڵبوەشێندرێتەوە و لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی و ئەندامانی پەکەکە دەربکرێت؛ ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ''تاوەکو ئێستا گەرەنتییەک بۆ ئەم بابەتە نییە، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و گفتوگۆکردن لەسەر زمان، کولتوور و پرسەکانی دیکەی کورد جیان لە یەکدی.''
''تورکیا ناچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەنگاو بنێت''
حکومەتی تورکیا خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی بە پێویستیی سەرەکی و یەکەم هەنگاوی چارەسەرکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەزانێت. محەممەد کاماج دەڵێت، ''ئێستا ئەو خاڵە جێبەجێکراوە، رای گشتی لە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان لێی ئاگادارن و ئیدی ئەم بابەتە ناشاردرێتەوە، بۆیە حکومەتی تورکیا ناچارە بۆ داواکاری و مافەکانی کورد هەنگاو بنێت.''
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختی لە گرنگیی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان کردەوە و گوتی: ''لەدوای بڕیارەکەی پەکەکە، سەردەمێکی نوێ لە تورکیا، چوار پارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیپێکردووە.''
تائێستا تورکیا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ پەکەکە کردووە و لەوانەیە بەگوێرەی یاسای تیرۆری وڵاتەکە، سزای قورس و زیندانی هەتاهەتایی بۆ بەشێک لە سەرکردە، گەریلا و ئەندامانی دەربچێت، ئەمەش یەکێک لە خاڵە ناڕوونەکانی قۆناخی دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ''کاتێک پەکەکە لەسەر بنەمای داواکاریی سیاسی و دیموکراسی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بێگومان پێویستە زیندانییە سیاسییەکان کە هەموومان دەزانین بە هۆکاری سیاسییەوە لە زیندانەکاندان، ئازاد بکرێن و ئەو مەرجانەی کە [بۆ پاراستنی گیانی گەریلاکانی پەکەکە] هەن، جێبەجێ بکرێن.''
یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان دەم پارتی و دەسەڵاتی تورکیا دانانی قەیووم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیان، لەوانەش مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی. محەممەد کاماج گوتی: ''پێویستە قەیوومەکان لاببرێن و ئازادیی سیاسەتکردن بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، تورکیا لە بەرامبەر کورددا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و رای گشتیی جیهاندا، تووشی گرفتێک دەبێت کە ناتوانێت بە ئاسانی لێی دەرباز بێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ