رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پاکستانەوە رایگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا پێکەوە کاردەکەن و بۆ قۆناخێکی جیاواز هەنگاو دەنێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەنجامدانی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ستراتیژی هاریکاری تورکیا - پاکستان، لە ئیسلام ئابادە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسی پیاوانی کاری تورکیا - پاکستان گوتارێکی پێشکێشکرد. لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکان لە سووریا، فەلەستین و ناوچەکە. هەروەها ئاماژەی بە گەشەی ئابووری وڵاتەکەیدا.
سەبارەت بە سووریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "سووریای دراوسێمان 13.5 ساڵە لەژێر ستەم و چەوسانەوەی بەردەوام دەژیان. رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی پارساڵ، ئومێدێکی نوێ گەشایەوە و سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد. لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا پێکەوە کاردەکەین. لە روانگەی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لە سووریا پێکەوە بۆ قۆناخێکی جیاواز هەنگاو دەنێین."
سەبارەت بە غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای سووریا رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025، موژدەیەکی دیکەمان پێگەیشت، راگەیاندنی ئاگربەست بوو لە غەززە. "دوای 15 ساڵ لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئیسرائیل، ئیدی فەلەستینییەکان حەسانەوە. تورکیاش رۆڵی هەبووە لە راگەیاندنی ئاگربەست و رۆڵ دەگێڕێت بۆ ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بکرێت."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا، "هەرچەندە ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست نییە و بینیمان رۆژی رابردوو چۆن پێشێلکاری کرد و بەڵێنەکانی بەجێ نەگەیاند، بەڵام ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە رێگر بین لە خوێنڕشتنی زیاتر و ناسەقامگیری و ئاڵۆزی."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "غەززە موڵکی غەززەییەکانە و تا هەتایە هەر بۆ غەززەییەکان دەمێنێتەوە. فەلەستینییەکان گیانی دەیان هەزار رۆڵەیان بەختکرد و شەهید بوون لەپێناو پاراستنی خاک. بۆیە هەرگیز سازش لە خاکی نیشتمانییان ناکەن. داوا لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەکەم، غەززەییەکان بەتەنیا جێنەهێڵن و خاوەندارییان بکەن. بۆ ئەوەی نسکۆیەکی نوێ روونەدات، هەموو هەوڵێکمان دەخەینەڕوو."
لەبارەی گەشەی ئابووری وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرباری هەموو پێشهاتە نەرێنییەکانی ناوچەکە، کەچی هەناردەیان 262 ملیاری تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی 100 ساڵی تەمەنی کۆماری تورکیایان شکاند. پار، هەلیکاریان بۆ 986 هەزار کەس دابینکرد. هێزی کار گەیشتە 32 ملیۆن و 748 هەزار کەس. هەروەها زیاتر لە 62 ملیۆن گەشتیاری بیانیی سەردانی تورکیایان کرد. ئەمە جگە لەوەی یەدەگی دراوە بیانییەکانی بانکی ناوەندیمان بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ