رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ناوەندی لێکوڵینەوەی راوەست لە تورکیا رایگەیاند، حکومەتی تورکیا لە ماوەی داهاتوودا چەندین هەنگاوی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەنێت. دەشڵێت، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر دەبێت بۆ ئیدارەدانی رێککەوتنی تورکیا و پەکەکە.
رۆژ گراسۆن، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکوڵینەوەی راوەست لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت کە تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکیان بۆ رای گشتی نەکردووە.
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکوڵینەوەی راوەست ئاماژە بە هەنگاوەکانی داهاتووی پەکەکە و تورکیا کرد و گوتی، "لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا بڕیاری چەکدانان درا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی تورکیا دەرهەق بەم هەنگاوە کە چەکدانانە قسەیەکی کردەییان نەکردووە، پێویستە تاوەکو سێ هەفتەی داهاتوو چەند قسەیەک بۆ رای گشتی بکرێن."
گراسۆن پێیوایە، کەموکوڕییەکی ئەم پرۆسەی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا زۆر شت بە رای گشتی نەگوتراوە و دەڵێت: "ئاگادارکردنەوەی رای گشتی بە قەد هەنگاوی کردەیی گرنگە."
لە کۆنگرەی پەکەکە کە بە گوتەی خۆیان لە 5-7 ئایاری 2025 لە دوو شوێنی جیاواز بەڕێوەچووە، موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەکەکە لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، ئەوان بڕوا بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان دەکەن، بەڵام دەبێت تورکیاش هەندێ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی باوەڕی بۆ ئەوان دروست ببێت و نەیشاردەوە کە هەنگاوی ئەرێنی هەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەنگاوی نەرێنیش هەن.
رۆژ گراسۆن لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو دەڵێت، "چەند هەنگاوی کردەیی هەیە، بەڵام ئەو هەنگاوانە بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکرێن، لەوانەش یاسای سزادانی تایبەت بە زیندانییەکان و ئەو زیندانییانەی کە هەن هەندێ هەنگاویان بۆ دەنرێن، هەندێ هەنگاو بۆ باشترکردنی دۆخی ئۆجەلان دەنرێن، لەوانەش رێگە خۆشکردن بۆ دروستبوونی پەیوەندی نێوان رای گشتی و راگەیاندن."
دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی چوار جار رێگە بە شاندی دەمپارتی دراوە سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکەن، هەروەها شەش کەس بۆ لای ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی گواستراونەتەوە وەکو نیەتباشییەکی حکومەت بەرامبەر بە ئۆجەلان.
بەرپرسی ناوەندی لێکوڵینەوەی راوەست ئاماژەی بە دۆخی داهاتووی ئۆجەلان کرد و گوتی، "ئۆجەلان دەیەوێ لە ئیمراڵی بمێنێتەوە و لەوێوە رێکخستنەکانی بەرێوەببات، بەڵام دۆخەکەی باشتر بکرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردن و راگەیاندنی پێبدرێت، بۆ ئەمەش هەندێ هەنگاوی پێشوەختە دەنرێن بۆ ئەوەی هەندێ پەیام ئاراستەی رای گشتی بکات، بەڵام باوەڕ ناکەم هەنگاوی بەرچاو بنرێن، هەنگاوەکان زیاتر شاراوە دەبن، هەنگاوەکانی ئێستا زیاتر لەسەر دۆخی زیندان دەبێت."
رۆژ گراسۆن ئاماژەی بەوەشدا حکومەت لە ماوەیەکی نزیکدا هەندێ هەنگاوی کردەیی دەنێت و گوتی، "لە نێوان گوڵان و حوزەیران هەنگاوەکان دەنرێن و حکومەتی تورکیاش دەخوازێت پەکەکە بڕیارەکەی لە کاتێکی نزیکدا جێبەجێ بکات، تاوەکو دوو مانگی دیکە وێنەکە بە باشی دیار دەکەوێت، ئەم پرۆسەیە بە خێرایی بەرێوەچوو، پێشکەوت و ناکرێت هێواش بکرێت و کەمبکرێتەوە."
د. لوقمان باسکەدێری، نوێنەری یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنقەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی ئاشتی چەند قۆناخێکی پێویستە، بڕیاری چەکدانان و جێبەجێکردنی گرنگترین بڕیارە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، پەکەکە لە سنووری قەندیل، ئامێدی و رۆژئاوای کوردستان چەکەکانیان دادەنێن."
لەبارەی میکانیزمی چەکدانانەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست رەتیدەکاتەوە هیچ هەنگاوێک و بەرنامەیەک بۆ ئەو پرسە دانرابێت و ئاماژە بە رۆڵی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هیچ هەنگاوێکی یاسایی بۆ چەکدانان نەنراون، بەڵام هەندێ گەرەنتی بە رای گشتی دراوە، وەکو قسەی باخچەلی کە دەڵێت: پێویستە هەندێ یاسا هەموار بکرێنەوە، ئەگەر رێککەوتنێک لە نێوان پەکەکە و تورکیا بکرێت."
رۆژ گراسۆن دەشڵێت، "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، هەم وەکو لایەنێکی کوردی و هەم وەکو لایەنێک کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە، دەتوانێت ئەم رێککەوتنە بەڕێوەببات و بڕوام وایە کە لە چەند مانگی داهاتوودا لە هەنگاوانەی کە دەنرێن رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بەدیار دەکەوێت و ئەرکی زیاتر ئاشکرا دەبێت."
رۆژی 27ـی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە رێگەی شاندی دەم پارتی- ئیمڕاڵی بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد کە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، لەسەر داواکاری ئۆجەلان لە رۆژانی 5- 7 ئایاری 2025 لە دوو شوێنی جیاواز پەکەکە 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و راگەیاند، هیچ چالاکییەک بەناوی پەکەکەوە ناکرێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دێنن و خۆیان هەڵدەوەشێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ