رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 13-05-2025ی پەرلەمانی تورکیادا فراکسیۆنەکان باسیان لە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد. ئیی پارتی دژایەتیی پرۆسەکەی کرد و رەخنەی لە ئاکپارتی گرت. دەم پارتی بانگهێشتی لایەنەکانی کرد بۆئەوەی بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن. جەهەپە هیوای کۆتاییهێنانی شەڕ و پێکدادانی خواست و هاوکات رەخنەی لە حکومەت گرت.
تورهان چۆمەز، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی رەخنەی لە حکومەت گرت و گوتی، "کاتێک ئەو شەڕ و پێکدادانە لەڕێی نامەیەکەوە دەوەستا، ئەی بۆچی 23 ساڵ ئەم کارەتان نەکرد؟"
چۆمەز هەروەها داوای لە حکومەت کرد، لە پەرلەمان ئەو پرۆسەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هاوکات باسی وردەکاریی کۆنگرەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کرد و گوتی، "لەو کۆنگرەیەدا 232 کەس بەشدار بوون. هەواڵەکان بەم شێوەیەن. باشە ماوەیەک لەمەوبەر، زاتێک کە وەزیری ناوخۆ بووە لەم وڵاتەدا، گوتی: چەکدانانی چی؟ 86 کەس ماون و توانای هەناسەدانیان نییە. کەواتە زاتێک کە لەم وڵاتەدا وەزیری ناوخۆ بووە، خوار لووتی خۆیشی نەبینیوە. دەبێت وڵات بەم شێوەیە بەڕێوەببرێت؟ دوێنێ بوو تۆ ئەمەت گوت، بەڵام رێکخراوی تیرۆریستی سێ هێندەی ئەو ژمارەیە بەرپرسی کۆکردەوە و بەناو کۆنگرەی بەست."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی بە پێویستی زانی سولەیمان سۆیلو کە ئێستا پەرلەمانتارە، بەرپرسیارێتیی ئەو ئامارە لەئەستۆ بگرێت کە باسیکردووە.
تورهان چۆمەز باسی راگەیێندراوی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی کرد و گوتی، "ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەڵێت، ئێمە بۆ لەنێوبردن و ناڕەزایی لە دژی پەیماننامەی لۆزان دامەزراین. ئەمە لە کاتێکدایە لۆزان تاپۆی تورکیایە. هەروەها دەڵێت دەبێت پێکهاتەی نەتەوەیی لە دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پێ بێت. هەروەها لە کۆتاییدا دەڵێت، پێویستە بەو ماف و ئازادییەی پەرلەمان بە رەوای دەزانێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ واتە سەردەستەی تیرۆر، ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات. باشە ئەی کوا دەتانگوت مامەڵەیەک لەئارادا نییە؟ ئەوی ئەو بانگەشەیەتان لە کوێیە کە دەتانگوت ئەوان بێ مەرج چەک دادەنێن؟"
چۆمەز ئەوەیشی خستەڕوو، پەکەکە لە کۆنگرەکەیدا مەیدانی لە دەوڵەتی تورکیا خوێندووە و رێنوێنیی پێداوە، کەچی حکومەت لافی سەرکەوتن و پاڵەوانێتیی لێدەدات.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد و جەختی کردەوە، هیچ کات هێندەی ئێستا تورکیا لە چارەسەر نزیک نەبووەتەوە.
کۆچیغیت ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ویست بۆ گەیشتن بە ئاشتی هەبێت، پێویستە بە ئازادی، سەروەریی یاسا، یەکسانی و دادپەروەریدا بڕۆن، "چارەسەری کێشەی کورد و بەدیموکراسیبوونیش بەرپرسیارێتی و ئامانجی هاوبەشی هەموومانە."
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت پێیوایە، ئەو پرۆسەیە تەنیا لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بەڵکو چارەسەرێکە تەواوی گەلانی تورکیا دەگرێتەوە.
هەروەها هانی هەموو لایەنەکانی دا قۆڵ و باسکی لێ هەڵماڵن و هاوکار بن، گوتیشی، "با لەمەودوا لە سەکۆی پەرلەمان قسە لەسەر کین، نەفرەت و دووژمنداری نەکرێت، بەڵکو قسە لەسەر سازان، هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئاشتیی شەرەفمەندانە بکرێت؛ چونکە ئاشتی لە سیاسەتێکی دیموکراسیانە دێتە دی."
بابەتێکی دیکەی رۆژەڤی سیاسەتی تورکیا چۆنیەتیی چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتییە. بەتایبەتی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە دژی کورد و نەتەوەکانی دیکە کراون، بەردەوام جێی مشتومڕن.
فراکسیۆنی دەم پارتی: با رووبەڕووی رابردوو ببینەوە
کۆچیغیت لەمبارەیەوە گوتی "وەرن با رووبەڕووی رابردوو ببینەوە و بزانین لە مێژوودا چی روویدا. با لیژنەکانی راستی، دادپەروەری و بیرەوەری دروست بکەین. وەنەبێت ئەمە تەنیا بۆ کورد پێویست بێت، بەڵکو پێویستییەکی هاوبەشی گەلانی تورکیایە. با لەڕێی ریفۆرمی یاساییەوە هەموومان بەیەکەوە تورکیای دیموکراسی بونیات بنێین".
فراکسیۆنی جەهەپە: چاوەڕێ دەکەین تیرۆر لە وڵاتەکەماندا بە تەواوی کۆتایی بێت
گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند کە پارتەکەیان لەگەڵ ئاشتیدایە و گوتی، "چاوەڕێ دەکەین تیرۆر لە وڵاتەکەماندا بە تەواوی کۆتایی بێت. تەواوی کێشەکانی وڵاتمان بە کێشەی کوردیشەوە، لە رێگەی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەری و دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت."
گۆکهان گونایدن پەیماننامەی لۆزانی بە مسۆگەرکاری کۆماری تورکیا وەسفکرد.
باس و خواسی پەیماننامەی لۆزان لەکاتێکدایە کە پەکەکە لە راگەیێندراوی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیدا ئەو پەیماننامەیەی بە سەرچاوەی نکۆڵیکردن و لەنێوبردنی کورد ناوبردووە و دەڵێت، پەکەکە لە دژی ئەو پەیماننامەیە دەستی بەو خەباتە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ