یاریدەدەری ئەردۆغان لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکە: 2 تریلیۆن دۆلار زیانی هەبووە

14-05-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چەند دەیەی رابردوودا زیانی زۆری هەبووە، بە جۆرێک کە باس لە 2 تریلیۆن دۆلار دەکرێت.
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی میدیای وڵاتەکەی لەبارەی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دایەوە.
 
یاریدەدەرەکەی ئەردۆغان بە پێویستی زانی لایەنەکان بەرەی نێوخۆ بەهێز بکەن و گوتی، "دیدگەی سەرەکیمان سەت ساڵەی تورکیایە. تورکیا هەمیشە زۆر بە تووندی وەڵامی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داوەتەوە."
 
یڵماز سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا و گوتی، "تەواوی تورکیا ئازاری تیرۆری چەشتووە، خەڵکی زۆرترین قوربانی داوە، گەورەترین زیانی تیرۆریزم بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە، بەتایبەتی لەرووی گوزەران و ئابوورییەوە. هەر بۆیە تورکیای بێ تیرۆر زۆرترین سوودی بۆ ناوچەکە دەبێت."
 
یڵماز: زیانی شەڕەکە 2 تریلیۆن دۆلار بووە
 
یاریدەدەرەکەی ئەردۆغان بڕیاری چەکدانانی پەکەکەی بە گرنگ ناوبرد و جەختی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردەوە و گوتی، "لەگەڵ دامودەزگاکانمان بە وردی کار لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەین، بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکەین و ئەنجامەکانی دەبینین."
 
یڵماز ئەوەی خستەڕوو، "دامەزراوە ئەمنییەکانمان زۆر بە هەستیارییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە خێرایی کۆتایی بێت. بەداخەوە کەسانێک دەیانەوێت پرۆسەکە پەکبخەن. دەبێت بەرامبەر دنەدان و زانیاریی ناڕاست وریا بین."
 
لەبارەی زیانی شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە، ئەو یاریدەدەرەی ئەردۆغان گوتی، "تیرۆر تێچووی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە. هەندێک شت بەهۆی بوونی تیرۆرەوە دەکرێن و هەندێک شتی گرنگیش بەهۆی بوونی تیرۆرەوە ناکرێن. باس لە تێچووی نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلار دەکرێت؛ دەکرێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێ. ریشەکێشبوونی یەکجاریی تیرۆر لە رێگەی تورکیای بێ تیرۆرەوە تێڕوانینەکان دەگۆڕێت. بێگومان ئێمە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکەین. لەوانەیە کەسانێک هەبن نیگەران بن، من لەوە تێدەگەم. بەڵام پێویستە وێنە گەورەکە ببینین."
 
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، دیوانی سەرۆکایەتیی 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسندکرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە