هاکان فیدان: نابێ هەسەدە بە پاساوی هەڕەشەی داعش تێکەڵبوون لەگەڵ سوپا درێژ بکاتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئیسرائیلەوە بوێری وەردەگرن. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەسەدە بە پاساوی هەڕەشەی داعش تێكەڵبوون لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا درێژنەکاتەوە.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی رابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە گەرمەکانی سیاسەتی دەرەوە کرد و گوتی، "هەسەدە بە دڵنیاییەوە لە ئیسرائیلەوە بوێری وەردەگرێ. هەسەدە هیچ کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دژی ئەسەد نەجووڵاوەتەوە."
 
هاکان فیدان گوتی، پێویستە هەسەدە بە پاساوی هەڕەشەی داعش پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا درێژنەکاتەوە.
 
فیدان سەرنجی بۆ سەر دۆخی باشووری سووریاش راکێشا و ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین مەترسی لەوێ، لە دەستوەردانی ئیسرائیل لە پرۆسەکەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە پرۆسە نوێیەکەدا کە لە دوای هەشتی کانوونی یەکەمی 2024 ـەوە لە سووریا دەستیپێکردووە، هەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام بەهۆی گەورەیی کێشەکانەوە، ئەمانە دەستبەجێ نابینرێن.
 
ئاماژەی بەوەشدا، هەڵگرتنی یاسای قەیسەری ئەمریکا رێگەی بۆ وەبەرهێنانەکان کردووەتەوە و گوتی، تورکیاش لە بوارەکانی وەک فڕۆکەخانە و وزەدا پشتگیریی ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی کردووە و بازرگانانی هانداوە بۆ ئەوەی لە سووریا وەبەرهێنان بکەن.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "کاتێک سەیری نەخشەکە دەکەیت، سووریا لە راستیدا درێژکراوەی تورکیایە، درێژکراوەیەکی جوگرافییە. لێرەدا چ لە رووی بازرگانی، چ لە رووی گواستنەوە و چ لە رووی پەیوەندییەوە، ماتەوزەی زۆر گەورە هەیە. پشتیوان بە خودا، هەموو ئەمانە دێنە دی، بەڵام سەرەتا پێویستە هاوسەنگییەکانی نێو وڵات جێگیر ببنەوە."
 
سەبارەت بە چوونی گرووپە چەکدارەکان بۆ نێو سوپای سووریا، هاکان فیدان گوتی، "ئەمە وازهێنانی خەڵکە لەو بوارانەی دەسەڵات و بەرژەوەندییە بچووکانەی کە هەیانە، لەپێناو بەرژەوەندی و کاری باشی گەورەتر. لەم خاڵەدا ئەو دیدگە ستراتیژی و چوارچێوەیەی تورکیا خستوویەتیەڕوو، لەگەڵ رۆڵی بنیاتنەرانەی و ئامۆژگارییەکانیشی گرنگن."
 
لە 10ی ئاداری ئەم ساڵدا رێککەوتنێک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا کە لە 8 خاڵ پێکهاتبوو. یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە تیکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە