رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا (THY) راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق بەردەوامن. وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، "گەشتەکانی شەو خراونەتە رۆژ."
بەگوێرەی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا، "گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەپێی پلان و خشتەی نوێ بەردەوامن." وەک کۆمپانیاکە دەڵێت، لەو ماوەیەی کە ئاسمانی ئێران داخرابوو، گەشتەکانیان بۆ بەغدا بەهۆی پێویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانەوە بۆ کاتی رۆژ گۆڕدرابوون.
دەشڵێت، "گەشتەکانمان بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی و بەسرە بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراوی خۆیان و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەردەوامن."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیاش هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەپێی پلان و خشتەی نوێ بەردەوامن.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگادارکردنەوەیەکمان لە لایەنی تورکیاوە بۆ هاتووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەرەو عێراق و بەپێچەوانەشەوە. بەڵام دواتر ئاگادار کراینەوە کە گەشتە ئاسمانییەکان تاوەکو سبەی راگیراون و لە سبەیەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە و تەنیا بە رۆژ دەبێت."
هاوکات مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی تورکیا، کاتی گەشتەکانی کۆمپانیا تورکییەکان لە شەوانەوە گۆڕدراوە بۆ رۆژ."
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز)، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمشەو بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئاساییە، بەڵام گەشتێک کە بڕیاربووە بگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵوەشێنراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ