رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو هێرشەی لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان کرایە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێت کە لە رووداوەکەدا کەمتەرخەمیان هەبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد.
یەکەم پەیامی ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەی رووها بوو و رایگەیاند، "دەمەوێت خەمباریی خۆم بۆ ئەو رووداوە دەرببڕم کە دوێنێ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە سیڤەرەکی رووها روویدا. کەسێک دەستبەسەرکرا و چوار کەسیش لە کارەکانیان دوورخرانەوە."
ئەردۆغان گوتی، "لێکۆڵینەوە لە هەموو رەهەندەکانی هێرشەکە دەکرێت. لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەکرێت کە کەمتەرخەم بوون و هەڵەیان کردووە. لەو 16 کەسەی لە هێرشەکەدا برینداربوون، حەوت کەسیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و نۆ بریندارەکەی دیکەشمان چارەسەریان بەردەوامە."
رۆژی سێشەممە 14ی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هێرشکارێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی (عومەر کەت) کە پێشتر لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەنادۆڵی ئەحمەد کۆیونجو قوتابی بوو، هێرشی کردە سەر قوتابخانەکە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە قوتابی و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد و دواتر خۆی کوشت.
لە ئەنجامی تەقەکردنەکە 16 کەس بریندار بوون کە چوار مامۆستا، 10 قوتابی، کارمەندێكی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بوون.
دوای رووداوەکە خوێندن لە قوتابخانەکە بۆ 4 رۆژ راگیرا، هەروەها دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سوێرەگ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ