هاکان فیدان: ئەگەر چەکدارانی کورد نەمێنن بیر لە کشانەوە لە سووریا دەکەینەوە

16-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بیر لەوە دەکاتەوە هێزەکانی لەناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکشێنێتەوە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە چەکدارانی کورد نەهێڵن. 
 
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆنفرانسی میونشندا، رایگەیاند: "ئێمە چاوپۆشی لە هیچ گرووپێکی چەکداریی ناکەین و دەبێت گرووپە چەکدارەکان لەژێر فەرماندەی یەک سوپای نیشتمانی بن." 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی دراوسێی سووریا، کۆدەنگییەکیان لەبارەی داهاتووی ئەو وڵاتەوە هەیە و گوتی: "ئێمە نامانەوێت چیدیکە ئەو وڵاتە هەڕەشە بێت بۆ سەر دراوسێکانی و گرووپی تیرۆریزم گەشە بکات و خۆی جێگیر بکات." 
 
فیدان، زیاتر باسی لە روانگەی ئەنقەرە بۆ داهاتووی سووریا کرد و گوتی: "ئێمە نامانەوێت پێشێلکاریی بەرامبەر بە کەمینەکان ببینین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە سەروەری خاکی سووریا و سەربەخۆیی سیاسی سووریا و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانە." 
 
لەبارەی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە رۆژئاوای کوردستان، هاکان فیدان گوتی: "پەکەکە/یەپەگە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە، هاوشێوەی داعش، لەبەرئەوەی چەکدارە تیرۆریستییەکانی تورکیا، عێراق و ئێران خۆیان لە باکووری سووریا کۆکردووەتەوە و هەمووشیان خۆیان گۆڕیوە و لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی داعش شەڕ دەکەن."  
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی تورکیا دەڵێت "نابێت رێگە بدرێت ئەو گرووپانە یەک لەسەر سێی وڵاتەکە داگیر بکەن، کۆنترۆلی کێڵگە نەوت و غازییەکان بکەن و وڵاتەکە بێبەش بکەن لە سامانەکەی و رێگەش نەدەن خەڵکەکەی سوود لەو سامانە ببینێت، دەبێت ئەمە کۆتایی پێبێت، ئەمە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەشە بۆ تەواوی ناوچەکە." 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە