هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ بەرپرسانی تورکیا: دژایەتی یان ئاشتی بەرامبەر بە کورد هەڵبژێرن

16-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کاردانەوەکان لە دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان و لەکارلادانی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە بەردەوامە. هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کاتی هاتووە ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە، "یان دژایەتیی کورد بکەن یانیش ئاشتی و دیموکراسی هەڵبژێرن".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی بە ئامادەبوونی هەزاران ئەندام و لایەنگری پارتەکەیان و بەشێک لە خەڵکی وان، گردبوونەوە. 
 
گردبوونەوە جەماوەرییەکە لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان بەڕێوەچوو. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد. رایگەیاند، 100 ساڵە سیاسەتی نکۆڵیکردن، خۆسەپێنی و داپڵۆسین لە دژی گەلی کورد جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هیچ بەرهەم و ئەنجامێکی نەبووە. ئەگەر ئەم سیاسەتانە سەریان بگرتایە، ئەمڕۆ شتێک بەناوی سیاسەتڤانانی کورد نەدەبوون، عەبدوڵڵا زەیدان و هاوڕێیەکانی نەدەبوون.
 
تونجەر باکرهان راشیگەیاند، پێویستە دەسەڵات دەستبەرداری "سیاسەتی تاکڕەوی و فاشیزمانە" بێت. ئەمە سێ خولە قەیووم دەکەن، خەڵکی وان دوایین جار رۆژی 31ـی ئادار وەڵامی دانەوە. خەڵکی وان ئەم جارە زۆر بە هێز وەڵامیدانەوە 14 بەهیچ (وان 14 شارەوانی هەیە) هەموو سندووقەکان بۆ ئیرادەی گەل تەرخان کرا. سێ خولە لەسەر یەکدی قەیووم دەسەپێنن، پێتانوایە ئیرادەی گەل دەشکێنن و خۆیان بەدەستەوە دەدەن و سەر بۆ خواستتان دادەنەوێنن؟ زۆر هەڵەن. خەڵکی وان رێگە بە دزی و تاڵانچییەکان قەییووم نادات.
 
ئەوەشی گوت: "14 بەهیچ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، پەڵەیەکی رەشە بۆ ئێوە، بەهۆی ئەوەی خەڵک دەنگتان پێنادات. بەم قەییومە پێتانوایە کورد بۆی نییە سیاسەت بکات؟ کورد بۆی نییە دەنگ بدات؟ کورد شارەوانیی وەرناگرێت؟ لە کوێی دونیا سێ خول لەسەر یەکدی قەییوم بەسەر شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی خەڵک دادەنرێت؟ لە کوێی دونیا بووە کاژێر 2:00ـی شەو بە گوللـەی پلاستیک و توندوتیژی و لێدان و گرتن بەسەر شارەوانیدا دابدەن؟."   
 
باسی لەوەشکرد، عەبدوڵڵا زەیدان دزی نەکردووە، گەندەڵ نەبووە، بەدڕەوشتی نەکردووە. تەنیا بە فەرمانی داواکارێکی گشتیی تۆمەتێکی بۆ هۆنراوە. سەرباری ئەوەی، جەندرمە دەڵێت ئەو کەسە تاوانی نەکردووە و نەهاتووەتە شوێنی رووداو و یاسای سەربازیی پێشێل نەکردووە، کەچی ئەوان هەر دەڵێن نەخێر، کردوویەتی. سوورن لەسەر درۆکانیان. 
 
گوتیشی: "بەڕێز ئۆجەلان نزیکەی 26 ساڵە کار لەسەر گۆڕینی زەمینەسازی کێشەی کورد لە ئەمنی و سەربازییەوە بۆ سیاسی و دیموکراسی دەکات. ئەی ئێوە چی دەکەن؟ درێژە بە دژایەتیکردنی کورد دەدەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرۆسەی چارەسەری کاردەکات، ئێوەش بۆ قەییوم، دزی، تاڵانی و گەندەڵی کاردەکەن. کاتی هاتووە بڕیاربدەن یان دژایەتی کورد یان ئاشتی و دیموکراسی." 
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان دانرا. عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی شارەوانییەکە لەکارلادرا. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ (55.48٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سەرۆکشارەوانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام پارێزگار بە بڕیاری سەرۆککۆمار دادەنرێت. 
 
هەرچەندە کورد لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین شارەوانی لە باکووری کوردستان دەباتەوە، بەڵام حکومەت بە بیانووی بوونی پەیوەندی، پێدانی سەرچاوەی دارایی بە پەکەکە، لایاندەدات و کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت. ئەم لەکارلادان و دانانە بە 'قەییوم' ناودەبرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە