هاوسەرۆکی دەم پارتی: دەبێت مێزی دیپلۆماسی لە ئەنقەرەش دابنرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەدایە و داواش دەکات ئەو مێزە دیپلۆماسییەی لە میونشن بۆ رۆژئاوای کوردستان دانرا، لە ئەنقەرەش دابنرێت و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەخۆ بگرێت.
 
دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە قەزای بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، چەند پەیامێکی گرنگی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی راگەیاند.
 
"شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان لە کۆبوونەوەدایە"
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری ئاشکرای کرد کە پرۆسەیەک کە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەستپێکرابوو، بەردەوامە ئاماژەی بەدوایین سەردانی شاندی ئیمرالی کرد و  گوتی: "لەم دیدارەدا راوێژ و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئێستا دەکرێت. دڵنیاین بەڕێز ئۆجەلان پەیامی زۆر گرنگی دەبێت و کاتێک شاندەکە گەڕایەوە، زانیارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە کە "ژیانی ئازاد" بۆ ئۆجەلان مەرجێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان هەمیشە هەوڵی بۆ جیهانێکی یەکسان و ئاشتیخوازانە داوە.
 
دیپلۆماسییەتی میونشن و ئەنقەرە
 
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بە بەشداریی شاندی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دیداری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەدی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد.
 
لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو مێزی دیپلۆماسییەی لە میونشن بۆ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دانرا، دەبێت لە ئەنقەرەش دابنرێت. پێویستە ئەنقەرە مێزێکی دیپلۆماسی بڕەخسێنێت کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سووریاش لەخۆ بگرێت. هیوادارین لەو هەڵانەی لە سووریا کران پەشیمان ببنەوە و هەمان هەڵە لە عێراق، مەخموور و شنگال دووبارە نەکرێنەوە."
 
رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەم
 
سەبارەت بەو رەخنانەی لە رۆژئاوای کوردستان دەگیرێن، هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، ئەوان ئەو قسانە قبووڵ ناکەن کە دەڵێن "خەونەکە مایەپووچ بووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەم هەنگاوێکی کردەیی گرنگ بوو. گوتیشی: "لە کۆنفرانسێکدا کە 120 وڵات تێیدا بەشدار بوون، گەلی کورد و ئیدارەی رۆژئاوا بوونە ئەجێندای سەرەکی، ئەمەش وەڵامێکە بۆ رەخنەگرانی رۆژئاوا."
 
داواکارییەکان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان و مافی هیوا
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای کرد راپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا کار لەسەر پرسی کورد دەکات، لە چەمکی "تیرۆر" پاکبکرێتەوە. رایگەیاند: "پرسی کورد پرسێکی کۆمەڵناسی و سیاسییە، نەک تیرۆر. پێویستە یاساکە چارەسەری بۆ دۆخی منداڵانی زیندانیکراو، زیندانییە نەخۆشەکان و ئەوانە بدۆزێتەوە کە سزاکەیان تەواو بووە بەڵام ئازاد ناکرێن."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە "مافی هیوا" کردەوە وەک مافێکی یاسایی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە و گوتی: "بۆ سەرکەوتنی ئاشتی، دەبێت بە کرداری روو لە ئیمراڵی بکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە