ئاکپارتی لەبارەی سری سورەییا ئۆندەر: رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریدا هەبووە

16-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سری سورەییا ئۆندەر دەخوازێت و دەڵێت، رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریدا هەبووە.
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵ لە ئیستەنبووڵ، کە سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای تێدا خەوێندراوە، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست و گوتی، ''دەمانەوێت لە نزیکترین ماوەدا بێتەوە نێومان''.
 
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی، "پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەکانی پێشوو و ئەو پرۆسە چارەسەرییەی ئێستای تورکیا هەبووە. ئەو تەنانەت لە سەختترین رۆژەکانیشدا ئومێدی خۆی لەدەستنەداوە و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بووە''.
 
چەلیک هەر لەبارەی سری سورەییاوە گوتی، ''دڵنیام ئێستاش کە نەخۆشە و لەسەر جێیە، گەورەترین هیوای ئەوەیە؛ ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگات و هیچ بەربەستێکی بۆ دروست نەکرێت''.
 
نەخۆشکەوتنی سری سورەییا ئۆندەر
 
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیشە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێیدایە گوتویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
 
ئێستا سری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە لە ئیستەنبووڵ، پزیشکان دەڵێن، دوای نەشتەرگەرییەکەش تەندروستیی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
 
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
 
ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبووە.
 
لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بووە.
 
وێڕای ئەوەی سیاسەتڤانە، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسییشی کردووە، هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیوە.
 
رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی2013 - 2015 لە تورکیا هەبووە و ئێستاش رۆڵی لەو پرۆسە چارەسەرییەیە هەیە، کە لەو وڵاتە دەستیپێکردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە.
 
لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، هاوکات بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییشە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە