رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پشتیوانی لە مافخوراو و ستەمدیدەکانی غەززە و سووریا دەکەن. لەبارەی پەنابەرانی سووریاش لە وڵاتەکەیدا رەخنەی ئاراستەی جەهەپە کرد و گوتی، "هەموو جۆرە سووکایەتییەکیان بە پەنابەرانی سووریا کرد."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 17ی کانوونی دووەمی 2025، لە پارێزگای کۆنیای تورکیا بەشداریی لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتەکەی کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان جەختی لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی فەلەستین و سووریا کردەوە و گوتی، چاودێریی دۆخەکە دەکەن لە "سووریاوە تاوەکو غەززە. پشتیوانی لە مافخوراو و ستەمدیدەکان دەکەین."
شەوی چوارشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر، رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە راگەیێندرا.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە رایگەیاند: "ئاگربەستەکە بە سێ قۆناخ دەبێت و 19ـی کانوونی دووەم بەفەرمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
ئەردۆغان رەخنەی لە جەهەپەش گرت و بەوە تۆمەتباری کردن دژی مانەوەی پەنابەرانی سووریا بووە لە تورکیادا و گوتی، "بەبیر خۆتانی بهێننەوە، هەموو جۆرە سووکایەتییەکیان بە پەنابەرانی سووریا کرد. لە رۆژانی 14-28ی هەڵبژاردن (هەڵبژاردنی 2023ی سەرۆکایەتیی کۆمار)، سیاسەتی نەفرەتیان بەرامبەر ئەوان پەیڕەو کرد."
هەر لەبارەی جەهەپەوە سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "لەو هەزار قسەیەی بە درێژایی 13 ساڵ دژی حکومەتەکەمان و کۆماری تورکیا کردیان، یەک دانەشیان بەرامبەر رژێمی شام نەکرد."
لەبارەی چارەنووسی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتەکەی، ئەردۆغان زیاتر قسەی کرد و گوتی، "هەموو رێکارێک دەگرینەبەر تاوەکو بە شێوەیەکی سەقامگیرانە، شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئەوانەشی دەیانەوێت لە تورکیا بمێننەوە و خزمەتی وڵاتەکە بکەن، شوێنیان سەر سەرمانە."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەەوە 52 هەزار و 622 پەنابەری سووریایی بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.
هەر بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، دوو ملیۆن و 888 هەزار و 876 پەنابەری سووریایی لە تورکیادا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ