رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، جگە لە تورکیا، هەموو وڵاتان دەیانەوێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان ببێتە خاوەن پێگەی خۆی. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی تورکیاش دەڵێت، "دەبێت قوفڵی ئیمراڵی بشکێندرێت."
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025، لە پارێزگای ئادانای تورکیا گوتاریکی پێشکێش کرد و لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
باکرهان ئاماژەی بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی، "ئەو رژێمە تاکڕەو، مەزهەبی و خۆسەپێنانەی بە درێژایی 100 ساڵ گەلانیان دەچەوساندەوە، ئەوەتا یەک دوای یەک دەڕووخێن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "گەلانێک هەن پارێزگارییان لە ناسنامەی خۆیان کردووە و دژی رژێمە خۆسەپێن و تاکڕەوەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەو گەلانە بە درێژایی 100 ساڵ کۆڵیان نەدا و بەرگەیان گرت. مەبەستم باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە، مەبەستم رۆژئاوایە."
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا نایەوێت کوردی رۆژئاوای کوردستان بە مافەکانی خۆی بگات، "لە نەتەوە یەکگرتووەکان 205 وڵات هەن. هەموو وڵاتان جگە لە تورکیا، دان بە رۆژئاڤادا دادەنێن، دان بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا دەنێن، لەگەڵ ئەوەدان کورد ببێتە خاوەن پێگەی خۆی. وڵاتێک هەیە، پێچەوانەی ئاراستەکە دەڕوات، بەداخەوە ئەویش تورکیایە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا لەگەڵ هەتەشە کۆدەبێتەوە، بەڵام دان بە دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستاندا نانێت.
پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد، باکرهان گوتی، "ناڵیم پرۆسە، ناشڵێم پرۆسەی چارەسەری، پێی دەڵێم پرۆسەی مشتومڕ، چونکە چەندین مانگە، جگە لە مشتومڕ، هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە، هیچ نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسییانە نەخراوەتەڕوو."
لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "سەرەتا دەبێت قوفڵی دوورگەی ئیمراڵی بشکێندرێت و بکرێتەوە. سەرەتا دەبێت بەڕێز ئۆجەلان لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرانی یەکدی ببینن. ئەگەر بڕیارە پرۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆ بەڕێوەببرێت، دەبێت هەلومەرج بڕەخسێندرێت. تەنیا بە سەردانی شاندێک، پرۆسەی گفتوگۆ بەڕێوەناچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ