کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا دواخرا

17-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کە بڕیار بوو سبەی بکرێت، دواخرا.

نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ وەزیری داد، بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
نووسینگەکە دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو زانیاری لەبارەی رۆژی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا دەدەن.
 
سری سورەییا ئۆندەر، کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیشە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێیدایە گوتویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
 
ئێستا سری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە لە ئیستەنبووڵ، پزیشکان دەڵێن، دوای نەشتەرگەرییەکەش تەندروستیی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
 
دوایین کۆبوونەوەی شاندەکە، کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چارەسەری.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە