گوتەبێژی ئاکپارتی 'رەتیدەکاتەوە' بۆ پێدانی خۆسەری لە تورکیا دانوستاندن لەگەڵ دەم پارتی کرابێت

17-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەڵێت، ''دەبێت پەکەکە و هەموو درێژکراوەکانی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک دابنێن''، هەروەها ''رەتیدەکاتەوە'' لە پرۆسەی چارەسەریدا دانوستاندن بۆ پێدانی خۆسەری بە کورد لە تورکیا لەگەڵ دەم پارتی کرابێت.
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی شەوی هەینی، 16ـی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە گوتیی: ''دەبێت پەکەکە بە هەموو درێژکراوەکانی لە ئەورووپا، عێراق، سووریا و ئێران خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک دابنێن. پێویستە پرۆسەی چەکدانان لە چەند مانگێک زیاتر نەخایێنێت. زیاتر بخایێنێت، بەربەستی بۆ دروست دەکرێت''.
 
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان لەمبارەیەوە گوتی: سەبارەت بە چاودێریکردنی پرۆسەی چەکدانان، لەگەڵ بەغداد، هەولێر و سلێمانی بابەتگەلێک هەن لەبارەیانەوە گفتوگۆ بکەین.
 
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باسی لەوە کرد، ''پێویستە ئەوانیش چەکەکانیان دابنێن و ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا. دواتر دەتوانێت لە سووریا پارتێکی سیاسی دابمەزرێنێت و چالاکی بکات، تاوەکو ئەو کاتەی دووژمنایەتی لە بەرامبەر تورکیا نەکرێت، تورکیا هیچ کێشەیەکی نابێت''.
 
یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە، پێکهێنەرێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەیە و تورکیاش وەک باڵی سووریای پەکەکە سەیری دەکات.
 
گوتەبێژی ئاکپارتی ''رەتیکردەوە'' لە پرۆسەی چارەسەریدا دانوستاندن بۆ ''پێدانی خۆسەری بە کورد لە تورکیا'' لەگەڵ دەم پارتی کرابێت، ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە لە چوارچێوەی تێڕوانینی یەک گەل، یەک وڵات، یەک ئاڵا و نیشتیمان، مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین''.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناوبراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە