رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا (YÖK) ئاشکرای دەکات، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە 10 ساڵی رابردوودا وازیان لە خوێندنی زانکۆ هێناوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا YÖK، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025 بڵاوکرایەوە، لە ماوەی 10 ساڵ و 9 مانگی رابردوودا، واتە لە 1ـی کانوونی دووەمی 2015 تاوەکو ئێستا، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بە ویستی خۆیان وازیان لە خوێندنی زانکۆ هێناوە، گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 400 هەزار و 949 کەس.
ئەنجوومەنەکە رایگەیاندووە، ئەم ئامارە ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی قووڵ لە سیستمی خوێندنی باڵا و باری ئابووری تورکیادا.
ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا دەڵێت، "ساڵانە سەتان هەزار خوێندکار بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابووری، نەدۆزینەوەی کاری گونجاو دوای دەرچوون، یان هۆکاری دیکەوە، ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن. ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و ئابووریی وڵات دەبێت."
ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا ئاماژەی بەوەداوە کە: "کۆی گشتیی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بەهۆی سەرنەکەوتن، نوێنەکردنەوەی تۆماری وانەکان، یان کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکاندا لەلایەن زانکۆوە تۆمارەکەیان سڕدراوەتەوە، 4 ملیۆن و 398 هەزار و 166 کەسە."
لە هەمان ماوەدا، 10 ملیۆن و 65 هەزار و 72 خوێندکار دەرچوون. 1 ملیۆن و 986 هەزار و 993 خوێندکار بە گواستنەوە یان تۆمارکردن لە پرۆگرامێکی دیکە، بەردەوام بوون لە خوێندنی باڵا. هەروەها تۆماری 11 هەزار و 598 خوێندکار بەهۆی کۆچی دواییەوە سڕاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ