رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 47 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا هێزەکانیان چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 23 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام داوە، تێیاندا 47 کەسیان دەستگیرکردووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ئەو کەسانە چالاکییان بۆ بزووتنەوەکە ئەنجامداوە، پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی هەبووە و پاڵپشتیی داراییان بۆ دابینکردوون.
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان و رەوانەکردنیان بۆ دادگە، 33 کەسیان بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچوو و کەسێکیشیان بە مەرجی دادوەری ئازادکرا؛ هەروەها لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارەکانی دیکە بەردەوامە.
شەوی 15ی تەممووزی 2016 بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا جووڵەیان پێکرا و دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام ئەو هەوڵە شکستی هێنا و وەکو "کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەممووز" چووە نێو مێژووی تورکیا.
حکومەتی تورکیا گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباریان دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
دوای هەوڵی کودەتاکە، باری نائاسایی راگەیێندرا و حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی دژی گولەنییەکان دەستپێکرد.
بەهۆی ئەوەی فەتحوڵڵا گولەن، رابەری ئەو کاتی گولەنییەکان لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا بوو، ئەم بابەتە کاریگەری خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - واشنتنیش.
تورکیا چەندینجار داوای لە ئەمریکا کرد گولەن و بەشێک لە هاوڕێکانی رادەست بکات، بەڵام ئەو هەوڵە هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەنقەرە نەبوو.
رۆژی 21-10-2024 فەتحوڵڵا گولەن باری تەندروستیی تێکچوو و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێنسلڤانیا، دواتر کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ